بێ کارەبایی دانیشتووانی کەرکووکی هەراسان دەکات

kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

ھاووڵاتییانی دانیشتووی کەرکووک بەدەست نەبوونی کارەبای نیشتمانی و گرانی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەھلییەکانەوە دەناڵێنن، لەماوەی 24 کاتژمێردا تەنھا شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان دەدرێت.

نەبوونی کارەبای نیشتمانی، دانیشتووانی کەرکووکی لە کار و کەسابەت کردووە، حەمید عادل ئاسنگەرە و ھەموو کارەکەی پشت بە کارەبا دەبەستێت ئەو دەڵێت: "لە بێ کارەبایی بێزاربووین بە تاریکی لە ماڵەوە دەڕۆین و بە تاریکی دەگەڕێنەوە، هەندێک جار کە منداڵەکانم خوێندنیان هەیە و کارەبامان نییە لە ماڵەوە لایتیان بۆ دەگرم".

ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە کاسبکارانی کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "بە ماڵ و دووکانەکەمەوە مانگانە 170 هەزار دینار پارەی کارەبای موەلیدە دەدەم".

ھەرچەندە بریاربوو وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ گرانی نرخی ئەمپێری موەلیدە تایبەتەکان، خۆپیشاندان لەبەردەم قایمقامیەتی کەرکووکدا ئەنجامبدرێت، بەڵام چەند کەسێکی کەم ئامادەبوون، خۆپیشاندانەکەش بۆ رۆژی یەکشەممە دواخرا.