قەرەیلان: یەپەگە دژی رژێمی سووریا شەڕی نەكرد بۆیە رژێمەكە نەڕووخا

"نابێت سووریا دژی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا رێككەوتن بكات"

K24 - هەولێر

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی یەپەگە بەشداری لە شەڕی دژی رژێمی سووریا نەكرد، ئەو رژێمە نەڕووخا.

قەرەیلان، لەمیانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵێکی سەر بە حزبەکەی گوتی "یەكێك لەو هۆكارانەی كە وایكرد توركیا بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان سیاسیەتی خۆی بگۆڕێت، ئەوەبوو كە توركیا دەیویست یەپەگە شەڕی رژێمی سووریا بكات، بەڵام یەپەگە قبوڵی نەكرد".

موراد قەرەیلان باسی لەوەشكردووە، بەهۆی ئەوەی یەپەگە شەڕی رژێمی سووریای نەكرد، رژێمەكە نەرووخا.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە هۆشداری بە رژێمی سووریا دەدات و دەڵێت "نابێت رژێمی سووریا لە دژی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا رێككەوتن بكات".