بایدن و شای ئوردن تاوتوێی کەمکردنەوەی گرژییەکانی فەڵەستین دەکەن

K24 - هەولێر

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، تاوتوێی میکانیزمەکانی هاوکاری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانیان لە فەڵەستین کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دیوانی شاهانەی ئوردن، شا عەبدوڵڵای دووەم کە بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنە، لە کۆشکی سپی لەگەڵ بایدن کۆبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە،لە میانی دیدارەکەدا شا عەبدوڵڵای دووەم، ستایشی رۆڵی سەرکرایەتی ئەمەریکای بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و دۆزینەوەی ئاسۆی سیاسی راستەقینە بۆ پاراستنی دەستپێشخەرییەکانی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەن و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت، کردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا شا عەبدوڵڵا داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین لەپێناو گەیشتن بە مافەکانیان کردووەتەوە، ئەمەش بە دروستکردنی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 و پایتەختەکەی رۆژهەڵاتی قودس بێت، تاوەکو بە ئارام و ئاسایش لەگەڵ ئیسرائیلدا بژین.

لەو راگەیەندراوەدا هاتووە، لای خۆیەوە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، جەختی لە پشتیوانیکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت کردووەتەوە و ستایشی رۆڵی کاریگەری بنەماڵەی شاهانەی لە پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان لە قودس کردووە.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵای دووەم و بایدن تاوتوێی قوڵایی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و سووربوونی خۆیان لە بەردەوامیدان و پەرەپێدانی زیاتری لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە.

ئەم دیدارەی شای ئوردن و سەرۆکی ئەمەریکا بە چوارەم دیداری نێوانیان لە ماوەی یەک و ساڵ و نیودا دادەنرێت.

.