ته‌ندروستیی ئه‌و گه‌شتیاره‌ی له‌سه‌ر پردی جوندیان كه‌وتبووه‌وه‌‌ خواره‌وه‌ "جێگیره‌"

K24 - هه‌ولێر:

بارودۆخی ته‌ندروستیی ئه‌و گه‌شتیاره‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، كه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی كردبوو و له‌سه‌ر پردی "جوندیان" كه‌وته‌ خواره‌وه‌، جێگیره‌ و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كراوه‌. 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (3ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، خێزانێكی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش له‌نێو به‌فردا سه‌ردانی ناوچه‌ی باڵه‌كه‌یاتییان كردبوو. ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ به‌ناوی "حوسێن عه‌لی" ته‌مه‌ن 40 ساڵ ویستی له‌سه‌ر پردی "جوندیان" وێنه‌یه‌كی یادگاری بگرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر پرده‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ برینداربوو.

له‌وباره‌وه‌ د.به‌رزین له‌زگین، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتیی سۆران، كه‌ گه‌شتیاره‌كه‌ی بۆ گوازرابووه‌وه‌، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، "هه‌ردوو ده‌ستی گه‌شتیاره‌كه‌ شكابوون، به‌ڵام بارودۆخی ته‌ندروستیی جێگیربوو‌، هه‌ربۆیه‌ ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌مان‌ كرد".

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ شه‌پۆڵێكی به‌فر و بارانبارین هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌ و هاووڵاتییانی ناوه‌راست و باشووری عێراق بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، شه‌پۆڵه‌كه‌ ئاسته‌نگی هاتووچۆی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییان دروستكردووه‌ و رێگای نێوان چه‌ند گوندێكیشی داخستووه‌.