ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ده‌كات

مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا | وێنه‌: كوردستان24 - ئه‌رشیف
مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا | وێنه‌: كوردستان24 - ئه‌رشیف

K24 - هه‌ولێر:

لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەنێرێت و داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فێدراڵ دەکات.

مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەک بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نارد و لەناوەرۆکی نامەکەیدا هاتووە: ئابی ساڵی رابردووش نامەیەکم بۆ ناردی و نیگەرانی خۆم دەربڕی بەرامبەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری خراپیان کردووەتە سەر سەقامگیری و گەشەسەندی ئابووری ئەو وڵاتە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا هاتووه‌: لەبەرامبەر هەرەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆسەر ئەمریکا و عێراق زۆر گرنگە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فێدراڵ کیشەکان چارەسەر بکەن بەشێوەی لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت.

له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "حکومەتەکەی شیاع سوودانی و حکومەتی هەرێم پابەندی خۆیان بۆ چارەسەری کێشەکانی دەربڕیوە، بەڵام نیگەرانم لەوەی بریارەکەی دادگای باڵای فێدراڵی ئاشتەوایی نێوان هەرێم و بەغدا تێکبدات. ناردنی بەشە بووجەی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەهێزە بۆ ئێران لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر عێراق."

مەکۆڵ لە کۆتایی نامەکەیدا داوا لە ئەنتۆنی بلینکن دەکات فشار لە بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بكات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.

ده‌قی نامه‌كه‌ی مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی
ده‌قی نامه‌كه‌ی مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی (به‌ زمانی ئینگلیزی)

ده‌قی نامه‌كه‌ی مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ( به‌ زمانی كوردی):

ئابی ساڵی رابردووش نامەیەکم بۆ ناردی و نیگەرانی خۆم دەربڕی بەرامبەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری خراپیان کردووەتە سەر سەقامگیری و گەشەسەندی ئابووری ئەو وڵاتە.

لەبەرامبەر هەرەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆسەر ئەمریکا و عێراق زۆر گرنگە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فێدراڵ کیشەکان چارەسەر بکەن بەشێوەی لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت.

پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەرفەتێکی گرنگی رەخساند بەئاراستەی گەشەسەندنی دوور مەودای عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەرپرسانی بەغدا و حکومەتی هەرێم بەشیوەیەکی کۆنکرێتی پابەندبوونی خۆیان بۆ کارکردنی پێکەوەیی دەرببڕن، بۆئەوەی بەشێوەیەکی بنیادنەرانە و هەمیشەیی و لەبەرژەوەندی هەردوولا کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی سەرچاوە سروشتیەکان چارەسەر بکەن.

نیگەرانم لەوەی بریارەکەی ئەمداوییەی دادگای باڵای فێدراڵی، سەبارەت بە بووجەی فێدراڵی پیشنیازی ئەوەی هەبێت ئەم کێشە دەستوورییە چارەسەر نەکراوانە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی ئەو ئاشتەوایی نێوان هەرێم و بەغدا و ببێتە هەرەشە بۆسەر متمانەی نیوانیان لەکاتێکدا کە زۆرێک لە عێراقییەکان دۆخێکی سەختیان هەیە.

لە هەفتەکانی رابردوو عێراق بەرەوپێشچوونێکی باشی لە بواری شەفافیەت و خەرجییە گشتیەکان و دابینکردنی سەرچاوەکاندا بەخۆوە بینی. گرنگە حکومەتی عێراق لەسەر ئەم بەرەوپێشچوونە بەردەوام بێت، بەدڵنیابوونەوە لەوەی ئەم سەرچاوە گشتیانە بۆ چارەسەری پێداویستیەکانی هەڵکی عێراق بەکاربێن، لەناویشیاندا فەرمانبەرانی حکومەت، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر بۆ ئەکتەرە خراپەکان تەرخان دەکرا.

هاوسۆزی و یەکگرتوویی عێراق، لەرێگەی ناردنی بەشە بووجەی فێدراڵی بەشێوەیەکی شەفاف بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەهێز دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران لەدژی هێرشە بەردەوامە مووشەکی و درۆنیەکانی کە سەروەری عێراق پیشێل دەکەن و خەلکی سڤیلیش دەکوژن.

لە پەیوەندیت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، داوات لێدەکەم فشار لە سەرکردەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بکە، بۆئەوەی بریاری سیاسی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری عێراق بدەن، لەبەرژەوەندی خەڵکی عێراق. پێویستە ئەمریکا پابەند بێت بە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە عێراقییەکانمان بۆبەدیهێنانی عێراقێکی سەقامگیر، سەروەر و دیموکرات و دوور لە کاریگەری خراپ و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراق