زانیاری نوێ دەربارەی باڵۆنە چینییەکە

پێنتاگۆن: دووەم باڵۆنی هەواڵگری چین لەهەمان شوێن بیندراوە
وێنەی باڵۆنە چینییەکە
وێنەی باڵۆنە چینییەکە

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی زانیارییەکانی پسپۆڕێكی ئەمەریکی، ئەو باڵۆنە چینییەی بەسەر شوێنە هەستیارەکانی مووشەکە بالیستیکییەکانی ئەمریکادا دەسووڕێتەوە رەنگە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی زیرەکی دەستکرد رێنمایی بکرێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، دوای بینینی باڵۆنێکی چینی کە تایبەت بووە بە چاودێریکردن، دووەم باڵۆنی چینی بۆ چاودێریکردن لەهەمان شوێن بیندراوە، بەبێ ئەوە ناوی شوێنەکە ئاشکرا بکات.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری ویلیام کیم، کە پسپۆڕێکی ئەمەریکی شارەزای باڵۆنە سیخوڕییەکانە، رایگەیاند، باڵۆنەکان ئامرازێکی بەنرخی چاودێریکردنن کە خستنەخوارەوەیان کارێکی قورسە.

کیم گوتی: باڵۆنە چینییەکان لە باڵۆنی ئاسایی دەچن کە بۆ کاروباری کەشوهەوا بەکاردێن، بەڵام چەند تایبەتمەندییەکی جیاوازیان هەیە.

ئەو پسپۆڕە ئەمەریکیە ئاماژەی بەوەدا، باڵۆنە چینییەکە لە ئەمەریکا بیندراوە، "پەیلۆد"ـی گەورەی پێوە بووە کە بۆ رێبەری و کۆکردنەوەی زانیاری بەکاردێت و بە وزەی خۆر کاردەکات.

پێدەچێت باڵۆنە چینییەکە شێوازی کۆنترۆڵکردنەکەی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی هەبێت کە تا ئێستا سوپای ئەمەریکا نەیخستووەتەوە ئاسمانەوە.

بە بڕوای کیم، زیرەکی دەستکرد وایکردووە باڵۆنێک تەنیا بە خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای دەوروبەری بتوانێت بەرزییەکەی رێکبخات بۆئەوەی بەرەو ئەو شوێنە بڕوات کە دەیەوێت.

بەهۆی ئەوەی مانگە دەستکردەکان لە رادارەکان دەردەکەون، بە ئاسانی لە زەوی و لە بۆشایی ئاسمانیش هێرشیان دەکرێت سەر، بەڵام باڵۆنەکان، بە ئاسانی لە رادارەکاندا دەرناکەون.

بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ئەمەریکیە، باڵۆنەکان وەک مانگە دەستکردەکان نین و دەتوانن بۆماوەی مانگێک لە یەک جێگەدا بمێننەوە، ئەوان بەراورد بە مانگە دەستکردەکان وزەیەکی کەمتر سەرف بکەن، چونکە سوڕانەوەی زەوی کەمتر کاریان تێدەکات.

ویلیام کیم گوتیشی: ئەم باڵۆنانە گازی هیلیۆم بەکاردەهێنن، ناتوانیت بە ئاسانی تەقەیان لێبکەیت و بیانخەیتە خوارەوە، کاتێک کونێک لە باڵۆنەکە دەکەیت، باڵۆنەکە ناتەقێت و دزەکردنی گازەکەی ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا تەواو دەبێت.

لە ساڵی 1998 هێزی ئاسمانی کەنەدا لەڕێگەی فڕۆکیەکی شەڕکەرەوە تەقەیان لە  باڵۆنێکی تایبەت بە کەشوهەوا کرد.

فڕۆکە شەركەرەکە کە لەجۆری F-18 بوو، هەرچەندە لە خستنەخوارەوەی باڵۆنەکەدا زیاتر لە هەزار گوللـەی 20 ملیمی تەقاند، بەڵام کەوتنەخوارەوەی نزیکەی شەش رۆژی خایاند.

رۆژی 2ـی شوباتی 2023، دوای ئاشکرابوونی باڵۆنێکی هەواڵگری چینی لە ئاسمانی ئەمەریکادا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی چین دەڵێن، باڵۆنەکە لە بواری کەشوهەوادا کار دەکات و بە هەڵە چووەتە ئاسمانی ئەمەریکاوە، بەڵام پێنتاگۆن دەڵێت: باڵۆنەکە بۆ مەبەستی کاری هەواڵگری بەکاردێت.