کونسوڵخانەی ئەمەریکا سەرسامە بە ستۆدیۆکانی کوردستان24

K24 – هەولێر

ستافێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا راوێژ بە بەرپرسی بەشی تەکنیکی کوردستان24 دەکەن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا چەند ستۆدیۆیەکی هاوشێوەی ستۆدیۆکانی کوردستان24 لە باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەیەکیان دروست بکەن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، میوانداری شاهۆ تەیب بەرپرسی بەشی تەکنیکی دامەزراوەی کوردستان24ی کرد، بۆ ئەوەی راوێژی پێبکەن و رێنوێنیان بکات بۆ دروستکردنی چەند ستۆدیۆیەک لە باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەکە. وەکو خۆیان دەڵێن: "شاهۆ تەیب هەندێک رێنوێنی زۆر باشی پێداین بۆ دروستکردنی ستۆدیۆی تۆمارکردن و میدیایی".

پێشتر ستافێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا سەردانی دامەزراوەی کوردستان24یان کرد و سەرسامی خۆیان بە ستۆدیۆکانی کوردستان24 نیشاندا.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پێگەی خۆتان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویان کردەوە: "ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا زۆر خۆشحاڵبوون بە ناسینی شاهۆ تەیب کە کوردێکی شارەزای ناسراوی بواری تەلەڤزیۆن و ستۆدیۆیە. پێش گواستنەوەمان بۆ کۆمەڵگە نوێیەکەمان لە ساڵی داهاتوودا، کاک شاهۆ هەندێک رێنوێنی زۆر باشی پێداین لەسەر ستۆدیۆی تۆمارکردن و میدیایی کە پلانمان هەیە لە کونسوڵخانە نوێیەکەمان دروستی بکەین".

ئاماژەیان بەوەشکردووە: "بینینی شارەزایان و تەکنیککارانی سەرکەوتووی بواری تەلەڤزیۆن لە هەرێمی کوردستان جێی ئومێدە و بەخۆشحاڵیەوە دەڕوانینە کاری پێکەوەیی بۆ پشتیوانیکردنی ئامانجە هاوبەشەکانمان. زۆر سوپاسی کاک شاهۆ دەکەین بۆ هاوبەشی پێکردنی زانیاری ورد و ئەزموونی بە نرخی خۆی لەگەڵ ستافی کونسوڵخانە".

کونسوڵخانەی ئەمەریکا باڵەخانەیەکی مۆدێرن بە بڕی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار لە هەولێر دروست دەکات، کە گەورەترین باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمەریکایە لەسەر ئاستی جیهان. ئێستا بەشی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا کونسوڵخانەی ئەمەریکا بگوازرێتەوە بۆ باڵەخانە نوێیەکە.

.