زیاتر لە 71 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

"باوترینیان شێرپەنجەی مەمکە"

K24 - هەولێر

بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 71 هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، وەزیری تەندروستیش دەڵێت: رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لەژێر ستانداردی جیهانی دایە.

 د. چنارعەلی بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، تەنیا لە ساڵی 2022دا نۆ هەزار و 61 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە زۆرترینیان لە هەولێرن لە دوای هەولێر، پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و دهۆکیش بە پلەی سێیەم لە رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە.

ئاماژەی بەوەشکرد، 10 جۆر شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، باوترین جۆریان شێرپەنجەی مەمکە و دواتریش شێرپەنجەی کۆڵۆن.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شێرپەنجە ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت جێی نیگەرانییە، بەڵام تائێستا ئەو رێژەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە ژێر ستانداردی جیهانییە.