پەروەردەی سلێمانی سه‌دان ملیۆن دیناری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کۆکردووەتەوە

باڵه‌خانه‌ی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی
باڵه‌خانه‌ی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، بڕی زیاتر لە 222 ملیۆن دینار بۆ مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکارانی تووشبووی شێرپەنجە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەکەیاندا کۆکراوەتەوە و بەیەکسانی بەسەر هەموویاندا دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە (4ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەڵمەتێکیان لە نێو خێزانی پەروەردەدا راگەیاندووە بۆ هاوکاری ئەو مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکارانەی سەر بە پەروەردەکەیان کە تووشی شێرپەنجەبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵمەتەکەدا تا ئێستا بڕی 222 ملیۆن و 747 هەزار و 250 دینار لەگەڵ 601 دۆلار کۆکراوەتەوە و هەڵمەتەکەش تا ڕۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی راشیگەیاند، 164 مامۆستا و 152 خوێندکار و 53 فەرمانبەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان تووشی شێرپەنجەبوون و ئەم دیارییەی خێزانی پەروەردەش بە یەکسانی دەگاتە دەست هەموویان.

پێشتریش لە سنووری پەروەردەی سلێمانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و هەروەها بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان راگەیەندراوە.

4ـی شوبات رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە، ئەو نەخۆشییە ترسناکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی مردن لە جیهاندا بە جۆرێک لە هەر شەش کەسێک کە دەمرن یەکیان بەهۆی شێرپەنجەوەیە، بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە ساڵی 2020، نزیکەی 10 ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە.