چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی ئابووری عێراق ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و دۆخی ئابووری وڵات كۆبوونه‌وه.
ئەمڕۆ شەممە (4ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، له راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران لە کۆشکی حکومی میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد به به‌شداری له‌تیف رەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فایه‌ق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، لە کۆبوونەوەكه‌دا رەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی نیشتمانی گفتوگۆکرا، هەروەها ژمارەیەک لە پرسە گرنگه‌كانی وڵات تاوتوێ‌کران، هه‌روه‌ها باسیان لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان كردووه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، له‌باره‌ی دۆخی ئابووری و رێكاره‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییانی هەژار گفتوگۆكراوه، كه له ده‌رئه‌نجامی ناجێگیری به‌های دراوی نیشتمانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ و ژیانی خه‌ڵك دروستكردووه.