چین رەخنەی توند لە ئەمەریکا دەگرێت

"خستەخوارەوەی باڵۆنەکە رەفتارێکی چاوەڕوان نەکراوبوو"
.
.

K24 - هەولێر

چین رەخنەی توند لە ئەمەریکا دەگرێت و رایدەگەیەنێت، خستەخوارەوەی باڵۆنەکە رەفتارێکی چاوەڕوان نەکراوبوو.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا رەخنەی توند لە ئەمەریکا دەگرێت و ئاماژەیداوە، کە ناڕەزایی توند بەرامبەر بەکارهێنانی هێز و هێرشکردنە سەر باڵۆنە مەدەنییەکەی وڵاتەکەی دەردەبڕێت، لە کاتێکدا پێشووتر بۆ واشنتن روونکرابووە کە باڵۆنێکی مەدەنییە و بۆ توێژینەوەی کەش و هەوا هەڵدراوە.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەمەریکا بەخستنە خوارەوەی باڵۆنەکە کارێکی زێدەڕۆیانە و پێشێلکارییەکی نێودەوڵەتی کردووە، لە بەرامبەردا وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بە مافی خۆی دەزانێت.

شەوی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور لە زەریای ئەتڵەسی باڵۆنە چینییەکەیان خستە خوارەوە، کە رۆژی هەینی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا رایانگەیاندبوو، باڵۆنێکی سیخوڕیی چینی لە ئاسمانی شاری مۆنتانا بینراوە، کە شوێنێکی هەستیاری ئەمەریکایە و چەندین بنکەی سەربازی تایبەت بە دروستکردنی مووشەکی بالیستی لێیە.