پاکستان بەهۆی "ناوەڕۆکی کوفرەوە" ویکیپیدیا بلۆک دەکات

ویکاپیدیا
ویکاپیدیا

K24 - هەولێر:

ماڵپەڕی ویکیپیدیا کە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بەکاردەهێندرێت و بۆ هەمووان بێ بەرامبەرە، بە پاساوی بوونی "ناوەڕۆکی کوفر" لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە بلۆککرا.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی پاکستان 48 کاتژمێریان دایە ویکیپیدیا بۆ سڕینەوەی چەند بابەتێک کە وەک ئەوان دەڵێن، ناوەڕۆکەکەیان "کوفر"ـی تێدایە.

دواجار رۆژی 4ـی شوباتی 2022 حکومەتی پاکستان ویکیپیدیا لە وڵاتەکەی بلۆککرد.

بەهۆی ئەوەی پرسی "کوفر" لە پاکستان پرسێکی زۆر هەستیارە، هەر ئەمەش بووە وایکردووە پلاتفۆرمەکانی دیکە لەوانە تیندەر، فەیسبووک و یوتیوب پێشتر لەو وڵاتە زۆرینە موسڵمانە بلۆک کرابوون.

نووسینگەی دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی پاکستان لەبارەی بلۆککردنی ویکیپیدیاوه‌ رایگەیاند، ماڵپەڕەکە شکستی هێناوە لە پابەندبوون بە داواکارییەکان.

دامەزراوەی ویکیمیدیا کە خاوەندارێتی ویکیپیدیا دەکات، رایگەیاندووە، قەدەغەکردنی ئەو ماڵپەڕە بەو مانایەیە کە پاکستانییەکان رێگەیان پێنادرێت بچنە نێو "گەورەترین کۆگای زانیاری بێ بەرامبەر".

چالکوانان نیگەرانی خۆیان لەسەر ئەو هەنگاوە دەربڕیوە و دەڵێن پێدەچێت "هەوڵێکی هاوبەش هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر لەسەر ناوەڕۆکی ئینتەرنێت".

ئوسامە خلیجی، کە چالاکوانێکی بواری ئازادی دیجیتاڵییە، گوتی: مەبەستی سەرەکی لەم هەنگاوە بێدەنگکردنی هەر دەنگێکی ناڕازیە، زۆرجاریش بە پاساوی بوونی کوفر ئەم کارانە دەکەن.