هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەرمیان جۆرە خورمایەکی دەگمەن هاوردە دەكات

kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

هاووڵاتییەکی خەڵکی کەلار، لە وڵاتی ئیمارات بەشداری لە پێشانگایەکی تایبەت بە خورما دەکات لەو کاتەشدا بیرۆکەی بۆ دروست دەبێت و بڕیاڕ دەدات باشترین جۆری دارخورما بهێنێتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو رێگەیەوە هەم جۆری ئەو دارخورمایە لە کوردستان زیاد بکات.

دیاری محەممەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەلارە و بۆ یەکەمجارە جۆری دارخورمای بەرحی و مەجدولی لە ئیماراتەوە هێناوەتە هەرێمی کوردستان، ئامانجی ئەم جووتیارە ئەوەیە لە چەند ساڵی ئایندەدا گەورەترین باخی خورما لەو دارانەی هێناویەتی دروست بکات، دیاری بە کوردستان24ی گوت: "نزیکەی 45 ساڵە باخمان هەیە و داری خورما تێدایە، بەڵام ئەو خورمایەی هەمانە کیلۆی 250 دینار دەکات و سوودێکی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئەو جۆرەی کە ‌هێناومانە (بەرحی و مەجدول)ـە زۆر باشە زۆر پێویستی بە ئاو نییە و بۆ ناوچەی گەرمیان و هەولێر زۆر گونجاوە و سوودەکەشی زۆر باشترە".

باخەوانێکی دیکەی گەرمیان بەناوی ..هاشم ئیبراهیم، دەڵێت: "ئەم ناوچەیەی ئێمە خاکەکەی بە پیتە ئاویشمان زۆرە، ئەمەش وایکردووە هەر لە کۆنەوە بەرهەمی زۆری نارنج و لیمۆ و پرتەقاڵ و خورما و هەموو جۆرەکانی مزرەمەنیمان هەبێت، زۆر گرنگیش بەم باخانە دەدەین".

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان پێنچ ھەزار و 726 دۆنم زەوی کراون بە باخ، لەم ژمارەیەش ھەزار و 630  دۆنمی باخەکانی بەرھەمھێنن کە دەکەونە سنوری 146  گوندی ناوچەکەوە.