پرۆفیسۆر د. ئاسڵی بایکال: داهاتووی تورکیا لای کوردە

پرۆفیسۆر د. ئاسڵی بایکال
پرۆفیسۆر د. ئاسڵی بایکال

K24 – هەولێر

کچی سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایدەگەیەنێت: ئەو سیاسەتانەی کە داڕێژراون لەسەر بنەمای ئەوەی کە کورد لە تورکیا بوونی نییە هیچ سوودێک نە بە تورکیا و نە بە تورکە نەتەوە پەرەستەکان دەگەیەنێت، داهاتووی تورکیا بەهەمانشێوە پەیوەستە بە کوردەکانەوە.

لێدوان و تویتە کوردییەکانی پرۆفیسۆر د. ئاسڵی بایکال، کچی سەرۆکی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دەربارەی کورد دەنگدانەوەی زۆر هەبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردستان24 دەداتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی ئایا هەڵوێستەکانی بەهۆی نزیکبووونەوەی هەڵبژاردنەکانە یاخود تەنها بڕیارێکی کەسییە؟ دەڵێت: "با راشکاوبم لەگەڵتان، ئەم پەیامەم تایبەت نییە بە سیاسەتی هەنوکەیی، چونکە من کەسێک نیم داوای دەنگ بۆ پارتێکی دیاریکراو بکەم. بەڵام ئەگەر باسی سیاسەت بکەین، بە دڵنییایەوە ئەوە پەیامێکی زۆر سیاسییە، زۆر گرنگە جەخت بکەینەوە کە زمانی کوردی یەکێکە لە بەهاکانی ئەم وڵاتە و بەشێکی هێزی نیشتمانییە بەم ناسنامەیەوە، بە تایبەتی لە کاتی ئێستادا.

دەشڵێت: "ئێستا فێری کوردی دەبم و حەزم لە زمانی کوردییە، ئەوە ئەستەمە بۆ سیاسیەک کە بە کوردی قسە نەکات و بتوانێت بگات بە ملیۆنان دەنگدەر، من ئەمڕۆ دەستم پێکردووە و دڵنیام لە داهاتوودا هەموو سیاسیەکانیش کوردی فێردەبن."

سەبارەت بە قبوڵنەکردنی کورد لە تورکیا، بایکال گوتی: "ئەم بابەتە جێگەی قبوڵکردن نییە، یەکێک لە خاڵەکان کە ئێمە دەکات بە تورک هاووڵاتییە کوردەکانمانن، پێم شەرمە تەنانەت باسی ئازادی زمانی کوردیش بکەم."

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا سەبارەت بەوەی کە ئایا لێدوانەکانی بایکال دژیەکییەکیان تێدا نییە، بایکال گوتی: "نەخێر بەهیچ شێوەیەک دژ یەکی تێدا نییە، من لەگەڵ ئازادییم بۆ کورد. من لەگەڵ ئەوەم کە خوێندن بە زمانی دایک بێت، بەڵام خوێندن بە زمانی دایک بابەتێکی ترە. تێکەڵکردنی بابەتی خوێندن بە زمانی دایک و زمانی فەرمی دەوڵەت و پەروەردە بە دوو زمان لەمپەر دەخاتە بەردەم قسەکردن دەربارەی ئازادییەکان. لە ژینگەیەکدا کە کوردی بە ئازادیی قسەی پێدەکرێت و پەروەردە بە کوردی ئازادە، پرسی خوێندن بە زمانی کوردی پرسێکی لاوەکییە. "

سەبارەت بە هاوپەیمانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کە بە شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن ناویان دەبرێت، بایکال، پێیوایە: "پرسی کوردی و کورد لەو سیاسەتە هاوبەشییەکانی نێوانیاندا نییە. ئەو سیاسەتانەی کە داڕێژراون لەسەر بنەمای ئەوەی کە کورد لە تورکیا بوونی نییە هیچ سوودێک نە بە تورکیا و نە بە تورکە نەتەوە پەرەستەکان دەگەیەنێت. پێم وایە داهاتووی تورکیا پەیوەستە بە کوردەوە و تورکیا بەرەو گەشانەوە دەچێت ئەگەر بە تەواوی بەشێک بن لە دەوڵەتی نەتەوە و هاووڵاتی یەکسان بن. بە واتایەکی تر، داهاتووی تورکیا لەلای کوردە."

سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا دەڵێ: "داهاتووی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا لە دیاربەکر بنیاندەنرێت".

دەشڵێت: "دیاربەکر رێگەی داهاتوومان دیاردەکات، دیاربەکر شارێکی زۆر سیمبولییە، دەنگدەرە کوردەکان رۆڵی گەورەیان دەبێت لە دیاریکردنی براوەی هەڵبژاردنی داهاتوو. لە راستیدا، لەم هەڵبژاردنە دەکرێت پشتگیری کوردەکان دیاربکرێت. ئێمە لە بارودۆخێکداین کە پێمان دەڵێت، ئەگەر کەسێک نەتوانێت دەنگی کوردەکان بەدەست بهێنێت، ناتوانێت هەڵبژاردنەکان بباتەوە، دیاربەکر ئەو شارەیە کە تێیدا ئەم گرێیەی لێ دەکرێتەوە."

کورتەیەک لە ژیاننامەی ئاسڵی بایکال:

ئاسڵی بایکال لە ساڵی 1965 لە دایکبووە. ئەو شارەزای کیمیای بایۆلۆجییە و کچی سەرۆکی پێشووی جەهەپە دەنیز بایکالە. لە زانکۆی ئاکدێنیز، مامۆستا بووە. هەروەها لە نەخۆشخانەی نومونو لە ئەنقەرە کاری کردووە.

ئاسڵی بایکال لە 31ی ئۆکتۆبەری 2022 لە ریزەکانی جەهەپە دەستی لە کارکێشاوەتەوە.