پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆک بارزانی بۆ خانەوادەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر:

بەرە بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 6ی شوباتی 2023) سەرۆک مەسعود بارزانی لە تویتێکدا سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا و سووریا کرد.

سەرۆک بارزانی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا و سووریا دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاریان دەزانم".

سەرۆک بارزانی هەورەها هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە دەخوازێت.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، دواتریش نزیکەی 50 پاشلەرزە روویاندا، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 70 کەس لەو شارانە گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

بومەلەرزەی سەرەتا لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر هەستی پێکرا و، بەشێك لە هاووڵاتیان لەترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزە لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.

زنجیرە بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، باکووری سووریاشی گرتەوە، وەزارەتی تەندروستی سووریا لەوبارەیەوە رایگەیاند، لانیکەم 111 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە سووریا گیانیان لەدەستداوە.