بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته ده‌وامی خوێندن له چه‌ند پارێزگایه‌كی توركیا راگیرا
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته ده‌وامی خوێندنی لە پارێزگاکانی مەڕەش، هاتای، ئادیامان و ماڵاتیا راگرت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگه‌یاند، بۆ ماوەی دوو هەفتە، خوێندن لە ناوچە "کارەساتبارەکانی تورکیا راگیرا".
وەزیری پەروەردەی تورکیا راشیگه‌یاند،''لەمڕۆوە لە پارێزگاکانی مەڕەش، هاتای، ئادیامان و ماڵاتیا بۆ ماوەی دوو هەفتە پشووی خوێندن رادەگەیەنین''.
مەحموود ئۆزەر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ''لە پارێزگاکانی دیاربەکر، عەنتاب، ئورفا، ئادانا، عوسمانیە و کلیس بۆ ماوەی یەک هەفتە پشووی خوێندن رادەگەیەنین''.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 به پلەی رێختەر توركیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بوومه‌له‌رزه‌كه لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه هه‌ستی پێكراوه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، فوئاد ئۆكتای، جێگری سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه و پاشله‌رزه‌كانه‌وه 284 كه‌س له توركیا و باكووری كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه و 2323 هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن.
جێگری سه‌رۆككۆماری توركیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه و پاشله‌رزه‌كانه‌وه 1710 باڵه‌خانه له توركیا وێرانبوونه.
له‌باره‌ی رزگاركردنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كاندا ماون، جێگری سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند، به‌هۆی بارودۆخی ناڵه‌باره‌ی كه‌شوهه‌وا پرۆسه‌ی رزگاركردنی هاووڵاتییان ئه‌سته‌م بووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌وه 320 هاووڵاتی سووری گیانیان له‌ده‌ستداوه و هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ش بریندارن.
كۆشكی سپی له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه رایگه‌یاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. كۆشكی سپی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لەگەڵ بەرپرسانی حكومه‌تی تورکیا لەسەر هێڵن بۆئەوەی هاوکاریی لێقەوماوان بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی به‌یانی ئه‌مڕۆوه زیانیان بەرکەوتووە.
هاوكات، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جەیک سوڵیڤان لە تویتێکدا گوتی، "ئەمه‌ریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە." له تویته‌كه‌یدا سوڵیڤان جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵن و ئامادەیی ئەمریکایان پێ راگەیاندوون.
له هه‌رێمی كوردستانیش،سه‌رۆك بارزانی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا و سووریا دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاریان دەزانم".
هوكات نێچیرڤان بارزانی لە تویتەکەیدا نووسویەتی: بیرکردنەوە و نزکانم لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە ناوچەکەماندا زیانیان لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و ئازیزانی قوربانییەکان کرد، هەروەها گوتیشی: هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تویتێكدا له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانی ڕزگارکردن و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.
مه‌سرور بارزانی گوتیشی، "هاوخه‌مم لەگەڵ کەسوکاری قوربانی و بریندارەکانی ئەو بومەلەرزەیەی ناوچه‌كه‌مانی هه‌ژاند."