بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی دیكه‌ سووریای هه‌ژاند

دیمه‌نێكی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی سووریا
دیمه‌نێكی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی سووریا

K24 - هه‌ولێر:

بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێز چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سووریای هه‌ژاند.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كی سووریا رایانگه‌یاند، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.6 كه‌ چه‌قه‌كه‌ی پارێزگای مه‌ڕه‌شی باكووری كوردستان بوو، پارێزگاكانی قامشلۆ، دیمه‌شق و لازقییه‌ی سووریای هه‌ژاند.

روودانی ئه‌م بوومه‌له‌ره‌زه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)،  بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر توركیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ستی پێكراوه‌.

له‌وباره‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مڕۆوه‌ قسه‌یكرد و رایگه‌یاند، تا ئێستا بــه‌هۆی بـــوومه‌لـــه‌رزه‌وه‌‌ 912 كـــه‌س لــه‌ تـــوركــیا گــیانیان لـــه‌ده‌ستــداوه‌ و پــــێــنـــج هـــه‌زار و 385 كـه‌ســـی دیكه‌ش بریندارن.

به‌ گوته‌ی سه‌رۆككۆمـاری ئه‌و وڵاته‌، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 800 خانوو و باڵه‌خانه‌ له‌ توركیا و باكووری كوردستان رووخاون.

ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ''لە ئێستادا نۆ هەزار کارمەند سەرقاڵی کارەکانی گەڕان و رزگارکردنن، لەگەڵ گەیشتنی کەسانی دەرەوە بە ناوچەکە ئەو ژمارەیە بەردەوام زیاد دەکات". 

گوتیشی، ''ئەمشەو کاتژمێر 4:17 خوله‌ك گەورەترین کارەسات هەژاندینی کە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1939ـی سەدەی رابردووی ئەرزینجان گەورەترین کارەساتە". 

 مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگه‌یاند، بۆ ماوەی دوو هەفتە، خوێندن لە ناوچە "کارەساتبارەکانی تورکیا راگیرا".

 وەزیری پەروەردەی تورکیا راشیگه‌یاند، ''لەمڕۆوە لە پارێزگاکانی مەڕەش، هاتای، ئادیامان و ماڵاتیا بۆ ماوەی دوو هەفتە پشووی خوێندن رادەگەیەنین''.

مەحموود ئۆزەر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ''لە پارێزگاکانی دیاربەکر، عەنتاب، ئورفا، ئادانا، عوسمانیە و کلیس بۆ ماوەی یەک هەفتە پشووی خوێندن رادەگەیەنین''.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌وه‌ 320 هاووڵاتی سووری گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ش بریندارن. 

كۆشكی سپی له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. كۆشكی سپی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لەگەڵ بەرپرسانی حكومه‌تی تورکیا لەسەر هێڵن بۆئەوەی هاوکاریی لێقەوماوان بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ زیانیان بەرکەوتووە.

 هاوكات، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جەیک سوڵیڤان لە تویتێکدا گوتی، "ئەمه‌ریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە." له‌ تویته‌كه‌یدا سوڵیڤان جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵن و ئامادەیی ئەمریکایان پێ راگەیاندوون.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش،سه‌رۆك بارزانی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا و سووریا دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاریان دەزانم".

هوكات نێچیرڤان بارزانی لە تویتەکەیدا نووسویەتی: بیرکردنەوە و نزکانم لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە ناوچەکەماندا زیانیان لێکەوتووەتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و ئازیزانی قوربانییەکان کرد، هەروەها گوتیشی: هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویتێكدا له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی‌ هەوڵەکانی ڕزگارکردن و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.

مه‌سرور بارزانی گوتیشی، "هاوخه‌مم لەگەڵ کەسوکاری قوربانی و بریندارەکانی ئەو بومەلەرزەیەی ناوچه‌كه‌مانی هه‌ژاند."