حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهانای قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە دەچێت

K24 – هه‌ولێر:

كاروانێكی گه‌وره‌ی هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان ره‌وانه‌كرا.

ئەمڕۆ ئێوارە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023) لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان کاروانێکی گەورەی هاوکاریی هەرێمی کوردستان رەوانەی تورکیا و باکووری کوردستان کرا بەمەبەستی بەهاناوەچوون و پشتیوانی قوربانیانی بوومەلەرزە.

پێشتر له‌ تویتێكدا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، دامودەزگاکانی حکومەت، وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی-م راسپاردوون هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوی مانگی سوور بکەن لە هەوڵەکانی فریاگوزاری لە تورکیا و سوریا.

هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاند، لەسەر راسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی فریاگوزاری، پزیشکی فریاکەوتن، ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی، ئەمبوڵانس و بڕێکی زۆری پێداویستی پزیشکی بۆ وڵاتی تورکیا و سووریا بەمەبەستی بەهاناوەچوون و پشتیوانی قوربانیانی بوومەلەرزە، به‌ڕێكران.