بوومەلەرزە چۆن روودەدات؟

K24 - هەولێر

گۆی زەوی لە چەند چینێک پێکهاتووە کە لە رووی پێکهاتە، چڕی، پلەی گەرمی، پەستان لەیەکتر جیاوازن، هەتا بەرەو کرۆکی(Core) زەوی بچین پلەی گەرمی و پەستان زیاتر بەرز دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە کرۆکی زەوی لە بەردی گڕگرتوو و ئاگرین پێکهاتووە، لەو چەند چینەی کە زەوی هەیەتی تەنها توێکڵی زەوی (Crust) بەکەڵکی ژیان دێت.

بەهۆی بوونی ئەو گەرما زۆرە لە کرۆکی زەوی، تەووژمی زۆر بەهێز لەژێر زەوی دروست دەبێ کە ئێمە هەستی پێناکەین، کاتێک ئەو تەووژمە لەشێوەی سوڕانەوە دەخولێتەوە بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمی، جۆڵەی پلێتەکانی توێکڵی زەوی دروست دەکات.

توێکڵی زەوی لە چەندین پلێت پێکهاتووە، بەدرێژای مێژووی زەوی ئەم پلێتانە بەهۆی ئەو تەووژمەی ژێر زەوی لە جوڵەدا بوون. جوڵەکانیش سێ جۆرن؛ جوڵەی پێکدا کێشان، جوڵەی لێکجودابوونەوە، جوڵەی بەتەنیشت یەکداچوون. نزیکەی ۷۰-٦۰ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پلێتی عەرەبی لەگەڵ پلێتی ئێرانی تووشی پێکداکێشان بوون کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڕێژەی ۱-۳سم لە ساڵێکدا. لە ئەنجامی ئەم بەریەکەوتن و پێداکێشانەدا زۆرترین شکان و لێکترازان و چەمانەوەی هەرێمی و گەورەی لە چینە بەردییەکان دروستکردووە کە ئەمڕۆ بوونیان سەلمێنراوە لەژێر زەوی بەهۆی ئامێرە جیۆفیزیکیەکانەوە.

ئەم شکانانە بۆشایی و درزی گەورەیان دروستکردووە کە لە ئەنجامی جوڵەی بەردەوامی پلێتەکان لەهەر ساتێکدابێت یان جێگیر دەبنەوە یان شکان و لێکترازانی نوێ دروست دەکات، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ووزەیەکی یەکجار زۆر دەردەپەڕێنێت. ئەم ووزەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی جوڵە و نائارامی لەژێر زەوی ئەو ناوچەیەی شکانەکەی تێدا ڕوویداوە، کاتێک ئەم شەپۆلانە دەگاتە سەر زەوی بەشێوەی شەپۆلی لەرینەوە و راتەکاندن و بەرزو نزمی دەردەپەڕێت و بوومەلەرزە دروست دەکات.

*زۆر جار پرسیاری ئەوە دەکرێت بۆچی بومەلەرزە تەنھا لە ھەندێک شوێن روودەدات، بەڵام شوێنی تر ھەیە بومەلەرزەی تێیدا روونادات؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو شوێنانەی بومەلەرزەی تێدا روونادات شوێنی جوگرافی ئەوان نزیک نیە لەهێڵی بوومەلەرزە ئەو حاڵەتە تەنها بۆ ئەوو شوێنانەیە کە جوگرافیەن نزیکن لەهێڵی بوومەلەرزە. ھێلی بومەلەرزە کە لە پشتێنەی ئەلب بۆ کەنارەکانی ئیتاڵیا لە دەریای ناوەڕاست بۆ باکووری کوردستان و باشووری سنووری ئێران لە رۆژھەڵاتی کوردستان درێژ دەبێتەوە. بومەلەرزەکانی ئەمجارەی تورکیاش درێژەی ئەو زنجیرە بومەلەرزانەن کە لە شوێنەکانی نزیک ھێلی بوومەلەرزەیی رودەدەن،  کە پێشتریش لەم شوێنانە بوومەلەرزە روویداوە و لە داھاتووش بەردەوام دەبن، ئەو بوومەلەرزانەش کە لە ئێستادا لە شارەکانی باشووری کوردستان ھەستی پێدەکریت درێژکراوەی کاریگەری شەپۆلی ئەو بومەلەرزانەیە کە لە تورکیا روودەدەن و کاریگەری شەپۆلەکان تا دەگاتە شارەکانی باشووری کوردستان کەمتر دەبێیتەوە.

نوسینی: بژار عەبدولمەناف، ماستەر لە زانستی زەویناسی