"لە ماوەی 12 کاتژمێردا 248 بوومەلەرزە روویانداوە"

K24 - هەولێر

شارەزایەکی جوگرافیا و کەشوهەوا رایدەگەیەنێت، دوای بوومەلەرزەکانی دوێنێ باکووری کوردستان و تورکیا، لە ماوەی 12 کاتژمێردا 248 بوومەلەرزە بە گوڕی 3 پلەی پێوەری رێختەر روویاندوە.

سیروان ساڵح، شارەزای جوگرافیا و کەشوهەوا رایگەیاند: "له ماوەی تەنها 12 کاتژمێری رابردوودا 248 بومەلەرزەی زیاتر لە گوڕی 3 پلە به پێوەری رێختەر لەنێوان شارەکانی غازی عەنتاب و ماردین روویانداوە، ئەگەر پلە 2 حیساب بکرێت دەگاتە زیاتر لە 500 بومەلەرزه".

هەروەها دەشڵیت: "له سەرەتای جوڵە بەهێزەکەوە واتە 30 کاتژمێری رابردوو زیاتر لە هەزار بوومەلەرزە له نزیک چەقی بومەلەرزەکە روویانداوە".

ئاماژەی بەوەشداوە: "پاشلەرزەکانیش بە چڕی بەردەوامن و بەمزووانە ئەو پلێتە جێگیر نابێتەوه پێدەچێت بەدرێژایی ئەمساڵ پاشڵەرزەکان بەردەوامبن ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "سەبارەت بە جوڵەی پلێتی عەرەبی و زاگرۆس تا ئێستا پلێتەکە ئارام و جێگیره، تەنیا بوومەلەرزەیەکی لاواز لە نزیک شاری بانەی خۆرهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە، بە گوڕی 2.7 پلە بە پێوەری رێختەر و تا ئێستا مەترسی نییە".