رۆژانە نزیكەی حه‌وت هەزار تۆن خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە

K24 - هه‌ولێر:

لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە شه‌ش هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دواتر چارەسەر دەکرێت، كە تێچووی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی هەر تۆنێکیش، نزیکەی 50 هەزار دینارە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک، یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت و ساڵانەش خەرجییەكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت. لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە شه‌ش هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دواتر چارەسەر دەکرێت، كە تێچووی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی هەر تۆنێکیش، نزیکەی 50 هەزار دینارە.

ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند: "پرسی ژینگە و بەتایبەتی سێكتەری خاشاكی رەق و چارەسەركردنی، لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگییەكی زۆری پێدراوە. هەنگاوەكانیش ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هەولێر یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەلایەن تیمێكی ڕاوێژكار و تایبەتمەندەوە، دەست بە تاووتوێكردنی كراوە؛ ئێمەش چاوەڕێی ڕاپۆرتی كۆتاییان دەكەین، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 هەروەها ئاراس فوئاد، گوتیشی: "بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئەنجاممان داون، هیچ شارەوانی و شوێنێك لە هەرێمی كوردستان نییە، كە گرێبەستی بۆ ئەنجام نەدرابێت؛ سەرجەم شارەوانییەكان ڕێكار و كارەكانیان بۆ ڕێكخراوە و بە هەمان شێوە و سیستەم لە زبڵ و خاشاك خاوێن دەكرێنەوە. لە كاتێكدا حکومەتی هەرێمی كوردستان، جگە لە شوێنە بازرگانییەکان، هیچ بڕە پارەیەک  لە بەرانبەر کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک وەرناگرێت و وەک خزمەتگوزارییەکی خۆڕایی پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات".

راشیگه‌یاند: "لەپێناو پاراستنی ژینگەشدا، پلانی ئایندەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، شێوازی چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک بگۆڕێت و وا بکات دووبارە بەکاربهێندرێنەوە."