راگه‌یه‌ندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر، داوایانكردبوو، لەسەر پرسی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە هەماهەنگی بكرێت، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ كرد.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 7ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: پێشوازی لە بەیاننامەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و  کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە هەولێر دەکەین.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو،‌ هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و سوربوونیان لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان، بەرزدەنرخێنین، بەتایبەت لەبواری چاکسازی.

هەروەها وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سوپاسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌كات، کە پاڵپشتی و پشتیوانی پڕۆسەکەن.

دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکات لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

ئه‌مڕۆ لە تویتێکدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کودستان كرد، پێکەوە هاوکاری یەکتری بكه‌ن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمه‌ریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکەن.

له‌ تویته‌كه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشدرابوو، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شانازی  بەوە ده‌كات هاوبەشی پێشمەرگەیە و پابەندن به‌ بەردەوامی راوێژ و هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ لەناوبردنی داعش.

هاوکات، کونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریکاش لە هەولێر لە تویتێکدا جەختیکردبووه‌وه‌، پێشوازی لە هەماهەنگی و نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەن، سەبارەت بە چاکسازی وەزارەتی پیشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە بە گشتی.