دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران داخرا

K24 - سۆران:
سیروان حوسێن گوتەبێژی گۆمەڵگهی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک بەر لە ئێستا، لەلایەن بەرپرسانی سنووری تەمەرچین ئاگادارکراینەوە، بەهۆی زۆری و بەردەوامی بەفربارین، دەروازەکە بە رووی بازرگانی و گەشتیاری داخرا.
گوتەبێژی گۆمەڵگهی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران راشیگهیاند، هەرچەندە لەدیوی هەرێمی کوردستان تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بەردەوامن لە راماڵینی بەفر و دۆخی هاتووچوون تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام گرفتەکە لە دیوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە و تا رێگهی دیوی ئێران لە بەفر رانەماڵدرێت، جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری دەستپێناکاتەوە.
ههروهها گوتی: "گەشتیاران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەکەن، تا دۆخی هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە".
سەردار مهلا برایم بەرپرسی تیمەکانی بەفر راماڵین بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوو، سی سانتیمەتر بەفر له حاجی ئۆمهران باریوە و کۆی گشتی بەفربارینی ئەمساڵ گەیشتە (3) مەتر و چلوپێنج سانتیمەتر.
راشیگەیاند، ئێستا رێگاکە لە بەفر راماڵدراوە، بەڵام لەدیوی ئێران رێگاکە لە بەفر رانەماڵدراوە و بەم هۆیەوەش دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران داخراوە.