ئێران 10 تیمی بەهاناوەچوونی بەپەلە رەوانەی تورکیا دەکات

K24 - هەولێر

بە مەبەستی پشتیوانی لە هەڵمەتەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچە کارەساتبارەکان، ئێران 10 تیمی بەهاناوەچوونی بەپەلە رەوانەی تورکیا دەکات.

ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاوی کردەوە، سەرۆکی مانگی سووری ئێران، پیر حوسێن کولیڤەند رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10 تیمی بەهاناوەچوونی بەپەلە کە هەر تیمێکی لە هەشت کەس پێکهاتووە، رەوانەی تورکیا دەکەن.

سەرۆکی مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تیمی بەهاناوەچوونی بەپەلەی مانگی سووری ئێران لەگەڵ خۆیاندا ئامێری گەڕان و رزگارکردن و پێداویستی فریاگوزاریی لەگەڵ خۆیان دەبەن.

دوێنێ ئێران فڕۆکەیەکی کارگۆی سەربازیی کە هاوکاری مرۆیی پێکهاتوو لە خێوەت و خۆراک هەڵگرتبوو، رەوانەی فڕۆکەخانەی عەنتاب کرد.