سه‌رۆك كۆماری توركیا نوێترین ئاماری قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی راگه‌یاند

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا

K24 - هه‌ولێر: 

سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ 49 هه‌زار هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن. 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (8ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌وه‌ تا ئێستا هه‌شت هه‌زار و 574 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 49 هه‌زار و 133 هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار باڵه‌خانه‌ رووخاون و پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردنی هاووڵاتییان له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا به‌رده‌وامه‌. ئه‌ردۆغان راشیگه‌یاند، "هاووڵاتییه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان بۆ هۆتێله‌كان ده‌گوازینه‌وه‌ و كێشه‌ی سوومه‌ته‌نی بۆیان چاره‌سه‌رده‌كه‌ین." 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری توركیا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، "ئه‌مڕۆ رۆژی یه‌كگرتنه‌ و وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌". ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ر خێزانێكی زیانلێكه‌وتوو 531 دۆلاری پێده‌درێت.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌، (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.8 پله‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی دیاربه‌كر، مه‌ڕه‌ش، ئادیامان (سه‌مه‌سور)، دیلۆك، روحا، مه‌له‌تییا و كێلیس له‌ باكووری كوردستان و پارێزگاكانی هاتای، ئادانه‌، ئوسمانییه‌ و ئه‌سكه‌ندرۆن له‌ توركیا هه‌ژاند. چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ پارێزگای مه‌ڕه‌شی باكووری كوردستان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌ی زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌و پارێزگایه‌ تۆماركراون. دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ چه‌ندین پاشله‌رزه‌ی دیكه‌ی به‌هێز به‌ پله‌كانی 5.8، 6.2 و 6.4  چه‌ندین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژاند.

به‌رپرسانی توركیا ده‌ڵێن، تا ئێستا زیاتر له‌ 10 هه‌زار هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا له‌لایه‌ن تیمه‌كانی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاركراون و پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌رده‌وامه‌. په‌یامنێرانی كوردستان24 له‌ توركیا و باكووری كوردستان ده‌ڵێن، "زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ گله‌یی له‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كه‌ن و كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان."

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئێكجار زۆر كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی سووریا و رۆژئاوای كوردستان و، ژماره‌ی قوربانیان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌‌ هیچی وای كه‌متر نه‌بوو له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ توركیا و باكووری كوردستان. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سووریا، تا ئێستا زیاتر له‌ دوو هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن. به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا ماون. هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان داوای به‌هاناوه‌چوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆییان پێگه‌یشتووه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی هاوكارییه‌ مرۆوییه‌كانیشه‌وه‌ بۆ توركیا و باكووری كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فوئاد ئۆكتای، جێگری سه‌رۆككۆكاری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا زیاتر له‌ 74 وڵات ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی توركیا و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌ربڕیوه‌. سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌ڵێت، هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رز ده‌نرخێنن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان ده‌یكه‌ن.

تا ئێستا هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی هیندستان، ئیسرائیل، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان، میسر، کۆریای باشور، چین، یابان، رووسیا، تونس، ئیمارات، قەتەر، جەزائیر، ئوردن، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، یۆنان، سویسرا، چیک، نەمسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، رۆمانیا، کرواتیا، سڕبیا، مۆنتیگۆرۆ، ماڵدیف و ئاژانسی هاریکاری مانگی سوور، ئاژانسی هاریکاری خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كیان پێشكه‌شی توركیا و باكووری كوردستان كردووه‌. و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وڵاتانی  لوبنان ، روسیا ، ئوردن ـ ئیمارات و جەزائیر هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كییان بۆ سووریا و رۆژئاوای كوردستان ناردووه‌.