له‌نده‌ن سزای سه‌ر كه‌رتی به‌رگری رووسیا توندتر ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
به‌ریتانیا، بڕیاری دا ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی سزا به‌سه‌ر كه‌رتی به‌رگری رووسیادا بسه‌پێنێت.
هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا، بۆ له‌نده‌ن، حكومه‌تی به‌ریتانیا سزای زیاتری به‌سه‌ر كه‌رتی به‌رگری رووسیادا سه‌پاند.
جیمس كلیڤرلی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (8ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2023)، رایگه‌یاند، سزاكان ده‌سه‌پێندرێن به‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی سوپای رووسیا پشتیان پێ ده‌به‌ستێت.
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان، سزاكان شه‌ش دامه‌زراوه ده‌گرێته‌وه، كه پێداویستی سه‌ربازی بۆ سوپای رووسیا دابین ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها هه‌شت كه‌س و رێكخراوی بواری دارایی ده‌گرنه‌وه، كه پارێزگاری له سامان و ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێری كرملین ده‌كه‌ن.
كلیڤرلی، له‌و باره‌یه‌وه گوتی: سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت رووسیا ده‌ستی بگاته ئه‌و سامانه‌ی بلۆك كراوه، تا ئه‌و كاته‌ی كۆتایی به هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری ئۆكرانیا و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی ده‌هێنێت.
تا ئێستا به‌ریتانیا سزای به‌سه‌ر 1300 كه‌س و كیانی دارایی و سه‌ربازییدا سه‌پاندووه، كه په‌یوه‌ستن به حكومه‌تی رووسیاوه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس