توێژینه‌وه‌یه‌ك: هیچ گۆڕاوێكی نوێی كۆرۆنا له چین په‌یدا نه‌بووه

K24 – هه‌ولێر:
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاشكرای كرد، دوای ئه‌وه‌ی چین وازی له سیاسه‌تی "سفر كۆرۆنا" هێنا، هیچ گۆڕاوێكی نوێی په‌تاكه سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه.
توێژینه‌وه‌كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (8ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2023)، له گۆڤاری "زی لانست"ی زانستی بڵاوكراوه‌ته‌وه.
له كۆتایی ساڵی رابردوودا، چین وازی له سیاسه‌تی "سفركۆرۆنا" هێنا، كه مه‌به‌ستی بوو، هیچ حاڵه‌تێكی په‌تاكه له وڵاته‌كه‌یدا نه‌هێڵێت.
له مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری ساڵی رابردوودا، چین وازی له رێككاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هێنا، به‌ڵام ئاستی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه هه‌ڵكشابوو.
زۆر وڵات جارێكی دیكه، كۆت و به‌ندیان له‌سه‌ر گه‌شتیارانی گه‌ڕاوه له چیندا سه‌پاند و نیگه‌ران بوون له ئه‌گه‌ری دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌تاكه، یان بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڕاوی نوێ له وڵاته‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش په‌كینی تووڕه كردبوو.
توێژینه‌وه نوێیه‌كه، پشتی به شیكاری 413 نموونه به‌ستووه، نموونه‌كان له نێوان 14ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری رابردوو تا 20ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری رابردوو وه‌رگیراون، تێیدا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ بوونی گۆڕاوی نوێ نییه.
له سه‌دا 90ی حاڵه‌ته‌كان په‌یوه‌ندییان به دوو گۆڕاوی لاوه‌كی ئۆمیكرۆن هه‌بوو، كه به ئۆمیكرۆن BF.7 و ئۆمیكرۆن BA5.2 ناسراون و له‌و ماوه‌یه‌دا له چین بڵاوبوونه‌وه، به‌ڵام سنووری چینیان تێنه‌په‌ڕاندبوو.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس