یونسکۆ خەڵاتی ئاشتی بەخشییە ئەنگێلا مێرکڵ

بەهۆی پێشوازیکردنی لە پەنابەران
ئەنگێڵا مێرکڵ دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی - وێنە: AFP
ئەنگێڵا مێرکڵ دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

رێکخراوی یونسکۆ خەڵاتی ئاشتی بەخشیە ئەنگێلا مێرکڵ وەک رێزێک بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانی لە کردنەوەی دەرگای وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەراندا لە کاتێکدا کە راوێژکاری ئەڵمانیا بووە.

یونسکۆ لە میانەی رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری یاموسۆکرۆی پایتەختی کۆت-دیڤوار خەڵاتی ئاشتی (فیلیکس ئۆفۆ بۆینی) پێشکەش بە مێرکڵ کرد وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو بڕیارە بوێرانەیەی کە لە ساڵی 2015 دەریکرد و، بەهۆیەوە ئەڵمانیا لە 2015 تا 2016 زیاتر لە 1.2 ملیۆن پەنابەری وەرگرت.

ئۆدری ئازۆلای، بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ لەوبارەیەوە گوتی" لیژنەکە ویستی رێز لەو بڕیارە بوێرانەیە بنێت کە لە ساڵی 2015 بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران دەریکرد، لەکاتێکدا کە چەندین دەنگ داوای داخستنی ئەوروپایان دەکرد.

بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ رووی کردە مێرکڵ و گوتیشی: "تۆ لەو کاتەدا خاوەن دیدگایەکی بوێرانە بوویت لە سیاسەتدا".

ئەو بڕیارەی مێرکڵ لە ساڵی 2015 لە لوتکەی قەیرانی کۆچبەریدا هات کە بەهۆی شەڕی سوریاوە توندتر بوو.

حەسەن عەبدولرەحمان واتارا، سەرۆکی کۆت-دیڤوار کە ئامادەی مەراسیمەکە بوو لەبارەی مێرکڵەوە باسی لەوەکرد، "سەرەڕای ئەوەی رای گشتی لەگەڵ بڕیارەکەیدا نەبوو، بەڵام ئەو دەرگای بۆ پەنابەران کردەوە، بیری هەموو سەرکردەکانی جیهانی هێنایەوە، کە ئەرکی ئەوانە هاودەنگی هەموو مرۆڤەکان بن."

نزیکەی دوو هەزار کەس بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی خەڵاتکردنەکەدا بانگهێشت کرابوون.

خەڵات ئاشتی یونسکۆ پێشتر بەخشراوەتە نیلسۆن ماندێلا، یاسر عەرەفات، یتزاک رابین و فرانسوا ئۆلاند.