گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامی پرسیارێكی كوردستان24 ده‌داته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شییه‌ و ئەوان فه‌رمان بەسەر حکومەتی عێراقدا ناكه‌ن بەڵکو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق باسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان و ئالنگارییەکانی بەردەم بەرژەوەندییەکانى هه‌ردوولا لە ناوچەکەدا ده‌كه‌ن.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا گوتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای هاوپەیمانییەتی، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانە. ئەوە شێوازی کارکردنی ئێمە نییە کە فرمان بەسەر حکومەتی عێراق یان هەر حکومەتێکی دیکەی هاوپەیمانمان بکەین دا بکەین".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی، "کاتێک دانوستان لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییەکانمان دەکەین، بەشێوەیەکی گشتی باس لەو ئالنگارییانەی رووبەڕووی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا دەبنەوە دەکەین. زۆرێک لەو ئالنگارییانە رووبەڕووی بەرژەوەندییەکانی هەردووک وڵات دەبنەوە. بۆ نموونە لە زۆر باردا، ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانە پشتیوانیان لێدەکرێن، ئالنگارین بۆ بەرژەوەندییەکانمان. بۆیە کاتێک باس لە سزاکان دەکەین، بەو شێوەیە نییە کە ئێمە فەرمان بەسەر هاوپەیمانە عێراقییەکانمان دا بکەین، بەڵکو بەو شێوەیە کە چی باشە بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات".