هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی گه‌یشتنه‌ عه‌فرین

K24 - هه‌ولێر:

هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی گه‌یشتنه‌ شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان. سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانیش گوتی، قه‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ گه‌وره‌یه‌ و "ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ عه‌فرین ده‌مێنێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (10ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی گه‌یشتنه‌ شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان. له‌وباره‌وه‌، مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، "مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ی راسپاردووه‌ هاوكاری زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی سووریا و رۆژئاوای كوردستان بكه‌ین. له‌ هه‌موو شوێنێك خزمه‌تكاری خه‌ڵكی خومان ده‌بین و به‌بێ جیاوازی هاوكاری هه‌موو لایه‌نێك ده‌كه‌ین." 

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی گوتیشی، خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازییان له‌ ئێمه‌ كرد و ئێمه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌ین، هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ده‌یكه‌ین". ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، قه‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ گه‌وره‌یه‌ و "ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ عه‌فرین ده‌مێنێته‌وه‌ و لقێكی خۆی له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كاته‌وه‌". 

ناوبراو روونيشيكرده‌وه‌، "نزیكه‌ی 250 تۆن كه‌لوپه‌لی هاوكاریمان هێناوه‌ته‌ رۆژئاوای كوردستان". 

 

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌، (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.8 پله‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی دیاربه‌كر، مه‌ڕه‌ش، ئادیامان (سه‌مه‌سور)، دیلۆك، روحا، مه‌له‌تییا و كێلیس له‌ باكووری كوردستان و پارێزگاكانی هاتای، ئادانه‌، ئوسمانییه‌ و ئه‌سكه‌ندرۆن له‌ توركیا هه‌ژاند. چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ پارێزگای مه‌ڕه‌شی باكووری كوردستان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌ی زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌و پارێزگایه‌ تۆماركراون. دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ چه‌ندین پاشله‌رزه‌ی دیكه‌ی به‌هێز به‌ پله‌كانی 5.8، 6.2 و 6.4  چه‌ندین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژاند.

 به‌رپرسانی توركیا ده‌ڵێن، تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا له‌لایه‌ن تیمه‌كانی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاركراون و پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌رده‌وامه‌.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئێكجار زۆر كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی سووریا و رۆژئاوای كوردستان و، ژماره‌ی قوربانیان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌‌ هیچی وای كه‌متر نه‌بوو له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ توركیا و باكووری كوردستان. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سووریا، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی سووریا و رۆژئاوای كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن. به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا ماون. هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان داوای به‌هاناوه‌چوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆییان پێگه‌یشتووه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی هاوكارییه‌ مرۆوییه‌كانیشه‌وه‌ بۆ توركیا و باكووری كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فوئاد ئۆكتای، جێگری سه‌رۆككۆكاری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا زیاتر له‌ 74 وڵات ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی توركیا و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌ربڕیوه‌. سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌ڵێت، هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رز ده‌نرخێنن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان ده‌یكه‌ن.

تا ئێستا هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی هیندستان، ئیسرائیل، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان، میسر، کۆریای باشور، چین، یابان، رووسیا، تونس، ئیمارات، قەتەر، جەزائیر، ئوردن، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، یۆنان، سویسرا، چیک، نەمسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، رۆمانیا، کرواتیا، سڕبیا، مۆنتیگۆرۆ، ماڵدیف و ئاژانسی هاریکاری مانگی سوور، ئاژانسی هاریکاری خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كیان پێشكه‌شی توركیا و باكووری كوردستان كردووه‌. و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وڵاتانی  لوبنان ، روسیا ، ئوردن ـ ئیمارات و جەزائیر هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كییان بۆ سووریا و رۆژئاوای كوردستان ناردووه‌.