باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی ئەمەریکا و عێراق

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 - هەولێر:

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق باسی لەوەکرد، کە ئەوان بە حکومەتی عێراق و بە فراوانکردنی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵیان دڵخۆشن، گوتیشی "ئەوە روونە کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەت هەیە، باسی کوردستانیش بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی ئەمەریکا و عێراق".

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ شاندی عێراق گفوگۆیان لەبارەی فراوانکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کردووە و شاندی عێراق لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمەریکا کۆدەبنەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاشکراشیکرد، هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی ئەمریکا و عێراق.

سەبارەت بە سەردانی شاندە عێراقییەکە، ئەلینا رۆمانۆوسکی گوتی: شاندەکە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جێگری وەزیری گەنجینە کۆبوونەتەوە، هەروەها لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری وزە و نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کۆدەبنەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق راشیگەیاند، بە پەرۆش بووین بۆ زانینی رێگاکانی وەبەرهێنان و هێنانی بازرگانی ئەمەریکا بۆ عێراق لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی سودانی.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لیژنەی هەماهەنگی باڵا  لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی بۆ یەکەمجار دەرفەتی پێداین بۆ ئەوەی باسی بابەتی وزە و ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا بکەین.