سێ سیناتۆری ئەمەریکی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە چەند پرسیارێک ئاڕاستەی بایدن دەکەن

K24 - هەولێر:

سێ سیناتۆری ئەمەریکی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە چەند پرسیارێک ئاراستەی ئیدارەی بایدن دەکەن و داوا دەکەن پێداچوونەوە بکرێت بە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە عێراق.

مایکڵ والتز، کێڤن هێرن و جۆوی ویلسۆن، ئەو سیناتۆرە ئەمەریکیانەی کە ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کۆمارییەکان و لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانن، لە نامەیەکدا بۆ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا چەند پرسیارێک ئاڕاستە دەکەن.

یەکێک لەو پرسیارانەی کە سیناتۆرەکان کردوویانە، ئەوەیە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چۆن وەبەرهێنانەکانی بواری وزە لە هەرێمی کوردستان دەپارێزێت کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن؟"

هەروەها "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چۆن دڵنیا دەبێتەوە لەوەی حکومەتی عێراق مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت؟" ئەمەش پرسیارێکی دیکەی سیناتۆرە ئەمەریکییەکان بوو کە لە نامەکەدا ئاراستەی ئیدارەی بایدن کراوە.

سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سیناتۆرە ئەمەریکییەکان دەپرسن، ئەمەریکا چۆن دڵنیا دەبێتەوە لەوەی، حکومەتی عێراق پشتگیری هەموو هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەکات بۆئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن بە بەشێك لێی، هەروەها چۆن دڵنیادەبێتەوە کە حکومەتی عێراق پاڵپشتی دارایی گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان رادەگرێت؟.

ئەو سیناتۆرە ئەمەریکیانە وادەیەک بۆ ئیدارەی بایدن دادەنێن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و دەڵێن "تا رۆژی هەینی 24ـی شوبات کاتژمێر پێنجی ئێوارە، چاوەڕێی وەڵامی ئێوە دەبین".