نوێترین ئاماری قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان راگه‌یه‌ندرا

K24 - هه‌ولێر:

ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 21 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاند. 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (11ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "تا ئێستا به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان 21 هه‌زار و 43 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 80 هه‌زار و 900 هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن."

سه‌رۆك كۆماری توركیا راشیگه‌یاند، هیچ كه‌سێك له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كاندا به‌جێناهێڵن و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی توركیا كار بۆ رزگاركردنیان ده‌كه‌ن. 

 

 

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌، (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.8 پله‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی دیاربه‌كر، مه‌ڕه‌ش، ئادیامان (سه‌مه‌سور)، دیلۆك، روحا، مه‌له‌تییا و كێلیس له‌ باكووری كوردستان و پارێزگاكانی هاتای، ئادانه‌، ئوسمانییه‌ و ئه‌سكه‌ندرۆن له‌ توركیا هه‌ژاند. چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ پارێزگای مه‌ڕه‌شی باكووری كوردستان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌ی زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌و پارێزگایه‌ تۆماركراون. دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ چه‌ندین پاشله‌رزه‌ی دیكه‌ی به‌هێز به‌ پله‌كانی 5.8، 6.2 و 6.4  چه‌ندین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژاند.

 به‌رپرسانی توركیا ده‌ڵێن، تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا له‌لایه‌ن تیمه‌كانی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاركراون و پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌رده‌وامه‌.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئێكجار زۆر كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی سووریا و رۆژئاوای كوردستان و، ژماره‌ی قوربانیان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌‌ هیچی وای كه‌متر نه‌بوو له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ توركیا و باكووری كوردستان. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سووریا، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی سووریا و رۆژئاوای كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن. به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا ماون. هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان داوای به‌هاناوه‌چوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆییان پێگه‌یشتووه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی هاوكارییه‌ مرۆوییه‌كانیشه‌وه‌ بۆ توركیا و باكووری كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فوئاد ئۆكتای، جێگری سه‌رۆككۆكاری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا زیاتر له‌ 74 وڵات ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی توركیا و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌ربڕیوه‌. سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌ڵێت، هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رز ده‌نرخێنن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان ده‌یكه‌ن.

تا ئێستا هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی هیندستان، ئیسرائیل، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان، میسر، کۆریای باشور، چین، یابان، رووسیا، تونس، ئیمارات، قەتەر، جەزائیر، ئوردن، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، یۆنان، سویسرا، چیک، نەمسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، رۆمانیا، کرواتیا، سڕبیا، مۆنتیگۆرۆ، ماڵدیف و ئاژانسی هاریکاری مانگی سوور، ئاژانسی هاریکاری خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كیان پێشكه‌شی توركیا و باكووری كوردستان كردووه‌. و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وڵاتانی  لوبنان ، روسیا ، ئوردن ـ ئیمارات و جەزائیر هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كییان بۆ سووریا و رۆژئاوای كوردستان ناردووه‌.