شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غدا
شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غدا

K24 - هه‌ولێر:

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەکی هەڵپەسێردراوی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی، گه‌یشتنه‌ به‌غدا.

ئێوارەی رۆژی شەممە (11ـی شوبات/فێرایه‌ری 2023)، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری گه‌یشتنه‌ شاری بەغدا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌ت، ئامانج لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لە سەر شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق و پڕۆژە یاسای نەوت و غازو مادەی 140 و چەند دۆسیەیەکی دیكه‌.

وابڕیارە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەو دیدار لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق ئەنجام بدەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەکی هەڵپەسێردراو کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

پێشتر كوردستان24 بڵاویكرده‌وه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (11ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری و ئه‌ندامێتی هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری كاره‌با و سامانه‌سرووشتییه‌كان به‌وه‌كاله‌ت، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، خالد هادی چاوشلی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی و جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌ت به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندبوو، لەسەر بریار و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ  شەممە بەرەو بەغدا بەرێدەکەوین بەمەبەستی گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاند، ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێمە بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن دەربارەی یاسای نەوت و غاز و بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین بابەتی دیکە.

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غدا
شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غدا