سه‌رۆكی حكومه‌تی كاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا: لەرێگەی کوردستان24ـه‌وه‌ سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم

عەبدولڕەحمان مستەفا سه‌رۆكی حكومه‌تی كاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا
عەبدولڕەحمان مستەفا سه‌رۆكی حكومه‌تی كاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی كاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، له‌ به‌رامبه‌ر هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات.

رۆژی دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكووری كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها رۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند.

بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە رۆژی 6ـی شوباتی 2023ـەوە تا ئێستا، 12 بارهەڵگر کە پێکهاتبوون لە ئاوی خوارنەوە، دەرمان، خواردنی ئامادەکراو، جل و بەرگ و ماددەی پاککەرەوە، لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیەندراوەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە و بەسەر لێقەوماوان دابەشکراوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عەبدولڕەحمان مستەفا سه‌رۆكی حكومه‌تی كاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە دیلۆکه‌وه‌ لە رێگەی سکایپەوە به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، بۆ هاوکاریکردن کەس وەڵامی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نەداوەتەوە و به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌رگاكان داخراون، وڵاتانی رۆژئاوا هاوکارییان نەکردووین، ئه‌وه‌ش راست نییه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتن و هاوكارییان بۆمان هێنا.

له‌به‌رامبه‌ر هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بۆ عه‌فرین و ناوچه‌كانی دیكه‌ی زیانلێكه‌وتووی رۆژئاوای كوردستان، عەبدولڕەحمان مستەفا گوتی: "لەرێگەی کوردستان24ـه‌وه‌، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم، كه‌ هه‌ستێكی مرۆییان هه‌بوو و هاوكارییان بۆمان هێنا".