ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا 28 هەزاری تێپەڕاند
K24 - هەولێر:
دوای شەش رۆژ لە روودانی یەکەم بوومەلەرزە لە تورکیا، باکووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ ژمارەی گیانلەدەستدان 28 هەزار کەسی تێپەڕاند.
مارتن گریفیتس، بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوەی رۆژی شەممە گەیشتە باشووری تورکیا بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی بوومەلەرزەکە رایگەیاند، پێشبینی دەکات ژمارەی کوژراوان لانیکەم دوو هێندە زیاد بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرەکەوە زیاتر لە 80 ههزار و 900 هاووڵاتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بریندارن.
لەلایەکی دیکەوە، تیمی بەرگری شارستانی سووری، کە بە کڵاو سپییەکان ناسراون رایگەیاند، 36 کاتژمێره لە پرۆسەی گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووان نەیانتوانیوە هیچ کەسێک بە زیندوویی رزگار بکەن، هەروەها هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی دیکەی مرۆیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەدات بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی.
سەرەڕای کەشوهەوای سارد و بارینی بەفر و باران لە هەندێ ناوچە، دەیان هەزار کارمەندی فریاگوزاری هێشتا سەرقاڵی دەرهێنانی تەرم و دۆزینەوەی ئەو کەسانەن کە لەژێر دارووپەردووی باڵاخە و خانووە رووخاوەکاندا ماون.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، نیگەرانییە ئەمنییەکان وایکرد بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە هاوکارییەکان رابگیرێن و بە پێی میدیای دەوڵەتی تورکیا، دەیان کەس بە تاوانی تاڵانیکردن یان هەوڵدان بۆ فێڵکردن لە قوربانییەکان لە دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا دەستگیرکراون.
رۆژی دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایهری 2023)، بوومهلهرزهیهك بە گوڕی 7.4 به پلەی رێختەر چهند ناوچهیهكی باكووری كوردستان و توركیا، ههروهها رۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند و چەندین پاشلەرزەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە بووه هۆی گیانلهدهستدان و برینداربوون و بێسهروشوێنبوونی ههزاران كهس.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، نزیکەی 26 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.