ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی ئیمارات خرایەڕوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی شوباتی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دوبەی لە ئیمارات, لەگەڵ شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی كۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ حەمدان بن محەمەد بن راشد جێنشینی دوبەی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادەی بوون،  برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات تاوتوێ کرا.

ئاماژە بەوەشدرا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان.

لەلای خۆیەوە شێخ محەمەد بن راشد، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەی لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حكومى گه‌یشته‌ ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە شاری دوبەی لە رۆژانی 13-15 فێبریوەری (شوبات) بەڕێوەدەچێت.

.