سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی: بوومه‌له‌رزه‌‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئابووری توركیا دەبێت

دیمەنێکی دیاربەکر - فۆتۆ: هۆزان ئادار - کوردستان24
دیمەنێکی دیاربەکر - فۆتۆ: هۆزان ئادار - کوردستان24

K24 – هەولێر

به‌ڕێوه‌به‌ری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، بوومەلەرزە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووری تورکیا دەبێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، كریستالینا گۆرگیفا، رایگه‌یاند، قه‌رزی ئه‌مساڵی هه‌ندێك وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا بووه‌ته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئابووری ئه‌م ناوچانانه‌یه‌.

سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی كردبوو مانگی رابردوو، گه‌شه‌ی ئابووری له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا دا‌به‌زێت بۆ 3.2%، پێش ئه‌وه‌ی به‌رزبێته‌وه‌ بۆ 3.5% له‌ ساڵی 2024.

گۆرگیفا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ كۆربه‌ندی ئابووری وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌ دوبه‌ی، توانای ئابووری وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا، ده‌توانن له ‌رێگه‌ی چوارچێوه‌ی داراییه‌كی پته‌وه‌وه‌  توانای ئابووری به‌ده‌ست بهێنن و كاربكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی كه‌شوهه‌وا و زیادكردنی داهات و باج.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، روونیشی كرده‌وه‌، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا، ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی خاپوور كردووه‌، هه‌روه‌ها بووه‌ هۆكاری كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بۆسه‌ر تاكی كۆمه‌ڵگە و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئابووری توركیا هه‌یه‌.

له 6ی شوباتی 2023، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ پله‌ی رێكخته‌ر 7.8، ‌توركیا و سوریای هه‌ژاند، بەگوێرەی دوایین ئامار زیاتر لە 28 هەزار کەس گیانیان دەستداوە  و زیاتر لە 80 هەزار کەسیش بریندارن.