پۆلیسی سلێمانی: نۆ تۆمەتبارمان دەستگیرکرد کە ژمارەیەکی زۆر بوتڵی غازیان دزیبوو

پۆلیسی سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕۆژئاوا نۆ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە له ‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر بوتڵی‌ غازیان دزی‌ بوو.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، چەند هاووڵاتییەک کە بوتڵی غازیان لێدزراوە سکاڵایان تۆمارکردووە، دواتریش پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دەستپێکردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی سلێمانی، مەفرەزەكانی نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ رۆژئاوا بە بڕیاری‌ دادوه‌ر، نۆ تۆمەتباریان ده‌ستگیركرد و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرابەسەر ژماره‌یه‌كی‌ زۆر بوتڵی‌ غازدا.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، تۆمه‌تباران دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوە كه‌ له‌هه‌ریه‌ك له ‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ سه‌رچنار، كانی‌ كورده‌ و كانی‌ سپیكه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌  بوتڵی‌ غازیان دزیوه‌.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لە هاوڵاتیانی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ دەكات كە دزییان لێكراوە، سەردانی به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان بكه‌ن بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا.

ئەوەش خرایەڕوو، کەئێستا سه‌رجه‌م تۆمەتباران (م، أ، خ  - م، ع، ك - م، م، ح - ر، ع - أ، ع، م - چ، ك، أ - ه، ص، ح - م، د، م - ز، ك، م) كه‌ به‌ڕه‌گه‌زنامه‌ كوردن، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون‌ و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.