ئەحمەد وشیار بۆ کوردستان24: لە فڕۆکەخانەی هەولێر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەبارەی فرۆشتنی دۆلار لەنێو فڕۆکەخانە بە بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینار، چەند زانیارییەکی بۆ کوردستان24 خستەڕوو.

ئەحمەد وشیار، بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق رەزامەندی دا ئاڕ تی بانک لە فڕۆکەخانەی هەولێر 100 دۆلاری ئەمەریکی بە بەهای 132 هەزار دیناری عێراقی بە گەشتیاران بفرۆشێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلاری ئەمەریکی بە بەهای 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.

ئەحمەد وشیار گوتیشی: هەوڵی بردنەدەرەوەی دۆلار هەبووە و رێگریمان لێکردووە.  

بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر باسی لەوەکرد، لە ماوەی رابردوو گەشتیارێک هەوڵیداوە بڕی 580 هەزار دۆلار بە شێوەیەکی نایاسایی بباتە دەرەوە.

بە گوتەی ئەحمەد وشیار، ئامێرەکان ئەو بڕە پارەیەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پشکنەرە پێشکەوتووەکانی فڕۆکەخانە ئاشکرایان کردووە و دواتر رەوانەی دادگا کراوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر راشیگەیاند، گەشتیاران تەنیا دەتوانن بڕی 10 هەزار دۆلار لەگەڵ خۆیان ببەنە دەرەوەی وڵات.