جوتیار عادل: له‌ گفتوگۆ به‌رده‌وامده‌بین له‌گه‌ڵ به‌غدا تا له‌سه‌ر خاڵه‌ ناكۆكه‌كان ده‌گه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامداوە و چاوەڕێ دەکەن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانەی ناکۆکی لەسەرە له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ـی شوبات/فێبریایه‌ری 2023)، جوتیار عادل، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانی راگەیاند، "دوێنێ و ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا، کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بوو و تیایدا باس لە بنەما سەرەکییەکانی یاسای نەوت و غاز کرا و شاندی حکومەتی هەرێم تێڕوانینی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو و پاشان گفتوگۆ لە بارەی ئەو بنەما سەرەکییانە کرا بۆ ئەوەی لە یاسای نەوتی فیدراڵی جێگیربکرێن".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:''ئەمڕۆش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەبوو بۆ داڕشتنی دواین خاڵەکانی بودجە عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 و گفتوگۆش لەسەر تەوەرە سەرەکییەکان کراوە و لێک تێگەیشتنی باشیش هەبوو و دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە کرا کە پێویست بوو لەو بودجەیە جێگیر بکرێن.''
هه‌روه‌ها جوتیار عادل رایگه‌یاندووه‌، هەر ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی فیدراڵی کرد بۆ باسکردن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەردوولا سەبارەت بە تەعریفەی گومرکی و هەماهەنگی باشتر لە نێوان هەردوولا.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خۆشی ئه‌ندامی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌ به‌غدا روونیكردووه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجامی باشیان هەبووە، بەڵام "دیسانەوە چاوەڕێین ئەو خاڵانەی کە هێشتا ناکۆکیان لە سەرە گفتوگۆیان لەسەر بکەین و بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، "پاش سەردانێکی دوو رۆژە بۆ بەغدا و ئەنجامدانی چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەراینەوە هەولێر و بریار وایە هەفتەی ئایندە بچینەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان".