فوئاد حوسێن: کلیلی چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی عێراق شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەنتەری وێڵسن لە واشنتن لەبارەی عێراقەوە رایگەیاند، کڕۆکی کێشەکانی عێراق، سیاسەت و عەقڵیەتی ناوەندگەراییە.

فوئاد حوسێن راشیگه‌یاند، کلیلی چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی عێراق، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە، کە لە عێراقدا ئەو بۆچوونه‌ نییە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات، سەرۆکی ئەمه‌ریکا، هه‌ردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری ئه‌و وڵاته‌، پێشتر لە عێراق بوون و تێگەیشتنی باشیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بۆیه‌ دەمانەوێت دۆست و هاوبەشەکانمان هاوکارمان بن لە باشترکردنی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هه‌روه‌ها گوتی: "وای دەبینم شۆڕکردنەوەی دەسەڵات چارەسەری سەرەکییە بۆ هەموو کێشە ئابوورییەکانی عێراق، بەڵام، کاتێک من وەکو کوردێک لەمبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا قسە دەکەم، ئەوان تێڕوانینێکی دیکەیان هەیە، عێراق خاوەنی دەستوورێکە کە لیبراڵە، بەڵام سیستەمەکەی سیستەمێکی دەسەڵاتی ناوەندییە، دژئاراستەیە لەگەڵی".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "شۆڕکردنەوەی دەسەڵات تەنیا پەیوەندی بەگۆڕینی دەستوور نییە، به‌ڵكو پێویستی به‌ گۆڕینی کولتوور و شێوازی بیرکردنەوەی بەرپرسانی عێراقە لە بەغدا، هۆکارێکی سەرەكییه‌ بۆ ئەوەی وابکات کولتووری شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە عێراق، بەتایبەت لە بواری ئابووریدا، سەختە بێت".

وەزیری دەرەوەی عێراق لەوەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی عێراق تەنیا پشتی بە نەوت بەستووە و هیچ وەبەرهێنانێک لە غازدا ناکات گوتی: "ساڵانە 4 ملیار دۆلار لەبەرامبەر کڕینی غاز و کارەبا دەدەینە ئێران، لەگەڵ ئەوەش هێشتا زۆرێک هەن لە عێراق پێیانوایە نابێ وەربەرهێنان لە غازدا بکرێت".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "کە منداڵبووم، ئەوکات تەمەنم پێنج شەش بۆ حەوت ساڵ بوو، هاوینان دەچووین بۆ سەردانی کەسوکارم لە کەرکووک، ئەوکات ئەو ئاگرەم دەبینی لە کەرکووک دەسووتا و پرسیارم دەکرد، باشە بۆ هەرجارێک من دێم ئەو ئاگرە هەیە،  گوتیان ئەو ئاگرە بەردەوام هەیە و ئەوە غازە دەسووتێت، ئێستا تەمەنم 74 ساڵە هێشتا ئەو غازە لە کەرکووک دەستووتێت و هێشتا نازانم ئەو غازە بۆچی دەسووتێنین، دڵنیام پشت بەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوە، هەڵەی خۆمانە من هیچ کەسێک تۆمەتبار ناکەم، عێراق ساڵانە 4 ملیار دۆلار بۆ کڕینی غاز و کارەبا دەداتە ئێران."

وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لەبارەی تورکیا و ئێرانەوە ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، لەگەڵ تورکیا کێشە و ناکۆکی هەیە، بەڵام بە تورکیامان گوتووە چارەسەری کێشەکان نابێت لەرێگەی بژاردەی سەربازییەوە بێت، هه‌روه‌ها بەراشکاوی بە ئێرانمان گوتووە، سەرەڕای دراوسێیەتی و هەبوونی ناکۆکی، ئێمە هیچکات حەوشەی پشتەوە و پاشکۆی هیچ وڵاتێک نیین بە وڵاتانی دراوسێشەوە.