ریال مه‌درید 5 یاریزانی له‌ده‌ست دا

ریال مه‌درید له‌ وه‌رزی 2022 ـ 2023
ریال مه‌درید له‌ وه‌رزی 2022 ـ 2023

ریال مەدرید سبه‌ی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی یارییه‌ دواخراوەکەی گەڕی 21ـی لالیگا ئه‌نجام ده‌دات، ریال مه‌درید لە پێناو کەمکردنەوەی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ لە یازدە خاڵەوە بۆ هەشت خاڵ، لە كاتژمێر 11:00ـی سبه‌ی شه‌و له‌ نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشوازی لە ئێلچێ دەکات.
شاهانەکان بەهۆی بەشداری کردنیان لە جامی جیهانی، یارییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیان بۆ ئەمشەو دواخرا، یانە مەدریدیەکە دوای ئەوەی توانیان بۆ جاری شەشەم ناسناوی مۆندیالی یانەکان بەدەست بێنن، ئەمجارەیان لە لالیگا رووبەڕووی ئێلچێ دەبنەوە.
پێش یارییە کارلۆ ئانجێلۆتی راهێنەری یانەکە جارێکی دیکە باسی لە دەنگۆکانی بوون بە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل کرد، هەروەها راهێنەرە ئیتاڵیاییه‌كه‌ دوورکەوتنەوەی 4 یاریزانی بۆ ئەو یارییە لە پێکهاتەی یانەکەی راگەیاند، كه‌ پێكهاتوون له‌ (ڤینسیۆس، هازارد، كرووس، مێندی و كۆرتوا).
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا پێش یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر ئێڵچی گوتی: '' ئەوەی لەسەر داهاتووی من باس دەکرێت تەنها گاڵتەیە، من تاوەکو ساڵی 2024 گرێبەستم لەگەڵ ریال مەدرید هەیە و لە ئێستاوە ناتوانم باس لە داهاتووم بکەم، من هەموو ئامانجمانە ئەو ساڵانەی گرێبەستم لەگەڵ مێرنگی ماوە، بە باشترین شێوە کۆتایی بێنم.
كارلۆ ئانچیلۆتی گوتیشی: تۆنی کرووس هیچ قسەیەکی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەکردووم، بەڵام لە رەفتارەکانی دیارە دەیەوێت لەگەڵمان بەردەوام بێت، كرووس بەهۆی پێکان به‌رامبه‌ر ئێڵچی لەگەڵمان نابێت، هەروەها تیبۆ کۆرتۆوا ئەویش ئەمشەو لەگەڵمان نابێت و پەنا بەخوا بۆ یاریی شەممەی داهاتوو دەگەڕێتەوە''.
ریال مەدرید لە دوایین 23 یاریی بەرامبەر ئێلچێ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، تەنها بەرامبەر لاس پالماس ریکۆردێکی لەمەی باشتری هەیە و بەرامبەر ئەو یانەیە لە 34 یاریی لەسەر یەک نەدۆڕاوە، مێرنگی دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئێلچێ لە ساڵی 1978 بووە.
پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی لالیگا، لە دوایین سێ یاریی لالیگا، لە دوو یاریی نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بکات، ئەو یانەیە پێشتر لە 23 یارییدا نەیتوانی بوو لە دوو یاریی گۆڵ بکات، هەروەها لەو سێ یارییەی رابردوو سێ گۆڵیان لێکراوە.
ریال مەدرید لە کۆی 20 یاریی ئەم وەرزەیان لە لالیگا خاوەنی 14 بردنەوە و سێ دۆڕان و سێ بەرامبەربوونن و بە کۆکردنەوەی 45 خاڵ و بە یارییەک کەمتر لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە، لە بەرامبەردا ئێلچێ ئەو یانەیەش خاوەنی تەنها نۆ خاڵە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی دێت.