سوودانی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ئیرادەیەکی جددی سیاسی هەیە
K24 - هەولێر
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگهیاند: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونهوهی گەندەڵی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەویش بە رێگەی زیاتر چالاککردنی دەزگا چاودێریه جۆراجۆرهكان، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی چڕ کار بکەن، بۆ پاراستنی ماڵی گشتی و سزادانی ئەو کەسانەی تۆمهتبارن بە گەندەڵی، بە هەردوو لایەنەکەی دارایی و کارگێڕی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی رایگەیاندووە: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ئیرادەیەکی جددی سیاسی هەیە، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ رۆڵی کاریگەری ئەنجومەنی نوێنەران لە بواری چاودێری و لێپرسینەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی بوونی هەمانگی هاوبەش لەنێوان دەسەڵاتی جێبەجێکار و یاسادانان کردەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە حکومەت بایەخی پێدەدات، و بە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی بەرنامەی وەزاری کابینەکەی دایە.