"ئامارێكی ترسناك هانده‌رانی ئارسێناڵ ده‌تۆقێنێت"

پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی و میكێل ئارتێتا راهێنه‌ری ئارسێناڵ
پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی و میكێل ئارتێتا راهێنه‌ری ئارسێناڵ

ئارسێناڵی پێشەنگ لە گرنگترین یاریی ئەم وەرزە و لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی دوازدەی پرێمەرلیگ میوانداریی مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی دەکات، گەنەرز ئامارەکانی بەرامبەر ستیزن دڵخۆشکەر نین و لە دوایین 10 یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە، هەر هەموو یارییەکانیان دۆڕاندووە و یەک خاڵیشیان بەدەست نەهێناوە.
ئارسێناڵ لە کاتێکدا میوانداریی مان سیتی دەکات، ئەو یانەیە دوو هەفتە لەمەوبەر، جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکەی هەشت خاڵ بوو، هاندەرانی ئەو یانەیەش هیوایەکی زۆریان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزە هەبوو، بەڵام ئێستا جیاوازی خاڵەکانیان تەنها سێ خاڵە و مەترسی کەوتووەتە سەر پێگەکەیان.
گەنەرز لە مێژووی پرێمەرلیگ ئامارێکی باشی بەرامبەر ستیزن هەیە، یانە لەندەنیەکە لە کۆی 206 یاریی بەرامبەر یانەکەی شاری مانچێستەر، خاوەنی 98 بردنەوەیە، لە بەرامبەردا تووشی 63 دۆڕان بووه‌، واتە جیاوازیەکەیان 35 یارییە.
لەلایەکی دیکەوە ئارسێناڵ لە دوایین 10 یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی هیچ خاڵێکی بەرامبەر ئەو یانەیە بەدەست نەهێناوە، واتە لە هەر 10 یارییەکە دۆڕاوە و دوایینجاریش کە بەرامبەر ستیزن نەدۆڕابن، ساڵی 2017 بوو، ئەو کات هەردوو یانە بە دوو گۆڵ یەکسانبوون.

لەلایەکی دیکەوە مانچێستەر سیتی دوای زنجیرەیەک بردنەوە بەرامبەر ئارسێناڵ، ئامانجیەتی لەسەر ئەو ئەنجامە باشانە بەردەوام بێت و یازدەهەمین یاریش لەسەر یەک لە رکابەرەکەی بباتەوە و بەشێوەیەکی کاتیش ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکەی یەکسان بکاتەوە.
مان سیتی لە دوایین شەش یاریی بەرامبەر ئارسێناڵ لە پرێمەرلیگ و لە یاریگای ئەو یانەیە، هەر شەش یارییەکەی بردووەتەوە، ستیزن پێشتر لە کۆی 61 یاریی توانیبووی شەش یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەنەرز بباتەوە.
مانچێستەر سیتی تاکە یانەی پرێمەرلیگە بەرامبەر ئارسێناڵه‌كه‌ی میکێل ئارتێتا نەدۆڕاوە، یانە لەندەنیەکە لەوەتەی راهێنەرە ئیسپانیەکە سەرپەرشتیان دەکات، پێنج یارییان بەرامبەر ستیزن کردووە و لە هەر پێنج یاریی بەرامبەر ئەو رکابەرەیان دۆڕاون.