ژاپۆن ئاماده‌یی بۆ ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشانده‌دات

K24 - هەولێر:

نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى ژاپۆن  له‌ عێراق، تاووتوێی ده‌رفه‌ته‌كانى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏ژاپۆن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاريكاريى و هاوبه‌شى ‏نێوانيان كرد.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 15ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: نێچيرڤان بارزانى ‏سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ ماتسومۆتۆ فوتۆشى، ‏باڵيۆزى تازه‌ى ژاپۆن له‌ عێراق، له‌باره‌ى ده‌رفه‌ته‌كانى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏ژاپۆن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى ‏نێوانيان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.‏

نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، سوپاس و پێزانينى ‏هه‌رێمى كوردستانى بۆ كارى ئاژانس و رێكخراوه‌ ژاپۆنييه‌كان له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ فراوانكردنى ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ژاپۆن نيشان دا.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ پشتگيرى ‏و زه‌مينه‌ى له‌بار بۆ كار و وه‌به‌رهێنانى ژاپۆنى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى ژاپۆن، وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ‏چالاكيى كه‌رتى تايبه‌ت و كۆمپانيا ژاپۆنييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، خواستى ‏وڵاته‌كه‌ى‌ بۆ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى ڵاته‌كه‌ى بۆ ‏وه‌به‌رهێنان و فراوانكردنى كار و چالاكييه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ‏نيشاندا.‏

دۆخى سياسيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.