ئه‌و تۆپه‌ی مێسی گریاند، بۆ 3 كه‌س بووه‌ خێر و به‌ره‌كه‌ت

فرمێسكه‌كانی مێسی 2 هانده‌رانی ئارجێنتینای هێنایه‌ پێكه‌نین

کورد دەڵێت کەس نازانێت خێر لە چیدایە، ئەو لێدانە یەکلاکەرەوەی لیۆنێل مێسی لە فایناڵی کۆپا ئامێریکا لەدەستی دا بۆ هاندەرێکی چیللی دەبێتە خێروبەرەکەت و دوو هاندەری ئارجێنتینیش بەهۆی فرمێسکەکانی مێسییەوە خەندە دەکەوێتە سەر لێوەکانیان.

پێدرۆ ڤاسکوێز ئەو هاندەرەیە کە لە یاریگەی مێتلایف لە ویلایەتی نیو جێرسی ئامادەی فایناڵی کۆپا ئامێریکا سێنتێناریۆ بوو، جگە لەوەی لە کۆتایی یارییەکە بە بردنەوەی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەی دڵخۆش بوو، کە چیللی دوای یەکسانبوونیان بەبێ گۆڵ لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە ئارجێنتینای بردەوە، بەڵام جگە لە پاڵەوانبوونی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەی دەستکەوتێکی دیکەیشی لەو رۆژەدا هەبوو، كاتێك ئەو تۆپەی دەستکەوت کە مێسی لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لەدەستی دا، چووە ناو هاندەرانەوە.

مێسی بەهۆی لەدەست دانی ئەو لێدانە و ناسناوی کۆپا ئامێریکا سێنتێناریۆ، فرمێسک لە چاوەکانی هاتە خوارەوە و بڕیاری دا بەیەکجاریی واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت، کەچی زیاتر لە ٣٠ هەزار دۆلار بەو تۆپە دراوە کە هاندەرە چیللییەکە لە ماڵەوە هەڵیگرتووە و بە گوتەی خۆی لە ترسی ئەوەی لێی بدزرێت، دەیەوێت تۆپەکە لە هەڕاجێکی ئاشکرادا بفرۆشێت، کە پێشبینی دەکرێت ئەگەر لە ئینتەرنێت هەڕاجی بکات، نرخی ئەو تۆپەی مێسی گریاند، بگاتە زیاتر لە ٦٠ هەزار دۆلار.

گریانەکەی مێسی جگە لە ڤاسکوێز، بۆ دوو هاندەری ئارجێنتیناش بووە خێر و بەرەکەت.

 رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، لەبەر ئەوەی لە نووسینگەکانی گرەوکردن، گرەویان لەسەر ئەوە کرد بوو هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەیان لە بەرامبەر چیللی شکست بهێنێت، یەکێکیان ٢٧ هەزار یۆرۆی بەدەستهێناوە و هاندەرەکەی دیکەی ئارجێنتیناش ١٥ هەزار یۆرۆی لە ئەنجامی ئەو گرەوە دەستکەوتووە.