کۆڕبەندە سیاسییە گەرمەکان و پێگەی کورد

Kurd24

کۆنگرەی ٥٩ هەمینی ساڵانەی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، (مؤتمر ميونيخ للأمن MSC) بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئەمساڵ بە دوورخستنەوەی ڕوسیاو ئێران و هێنانە پێشەوەو بەشداریپێکردنی بەرهەڵستکارە جددیەکانی دەوڵەتە تۆتالیتارەکان دەست پێدەکات.

ئەم کۆنگرە سیاسی و سەربازی و ئەمنیە کە ساڵانە لە شاری میونشی ئەڵمانیا دەبەسترێت لە نێوان سەرۆک و سەرکردەو فیگەرە دیارەکانی جیهاندا، بۆیەکەمجار لە دوای جەنگی جیهانی دوەم و لە ساڵی ١٩٦٣ دامەزراو یەکەم دیداری خۆی گرێدا بە دەستپێشخەری لێکۆڵەری ئەڵمانی “ئیوالد فون کلایست” لەژێر ناوی کۆبونەوەی زانستە سەربازیە نێودەوڵەتیەکان.

لەو ساڵەوە سڵۆگانی میونشن بەناوبانگترین و کاریگەرترین پلاتفۆڕمەکانی کۆنگرەی ئەمنیی و سیاسیی و سەربازییە، کە بوێرانەو بێڕتووش پەنجە دەخاتە سەر کێشە سیاسی و سەربازی و ئەمنی و تەندروستیەکان و مەترسی و هەڕەشەکانی چەکی ناوکی و قەیرانی کەش و هەواو برسێتی و پەتاو بنەما زانستیەکانی تەناهی و سەقامگیریی لە جیهاندا.

ساڵانێکە کورد وەک ئەکتەرێکی کاریگەرو خاوەن هێزی سوپایی و ئەمنی و نەوت و گازی سروشتی و پێگەی هەستیاری جیۆستراتیجی لە ناوچەکە، بەشدارە لە نێو ساڵۆنە گەرمەکانی ئەو کۆنگرانەدا هاوشانی سەرکردەو سەرۆکە جیهانیەکان.

بۆ ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاو جیهانی عەرەبی و ئاسیایی بەشدار لەم کۆنگرانە ڕەنگە ئاسان بێت‌ ئیتر ئه‌م مۆدێلی قەهر و غەدرانە دژی گەلی کورد بگۆڕن بە دۆخێکی باشتر، ڕێککەوتن و پەیماننامەکانی وەک سایکس پیکۆو لۆزان و سەعدئابادو جەزائیر دەستکاری بکەن و فۆرمه‌ڵەیەکی نوێ بۆ کورد بخەنەڕوو،‌ به‌ته‌نیشت مۆدێلە تازەکانی ئێران تورکیاو گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەوە‌.

بەشداری کارای کورد لە کۆنگرەو ساڵۆنە گەرمە جیهانیەکانی ئاسایش و سیاسەت و وزەو پیشەسازی و ئابوری و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، مایەی لەسەر وەستان و جێگای تێڕامانە، گەر کورد بتوانێت تەوازن ڕابگرێت و یاریزانێکی باش بێت و دەستکەوت و پێگە بەهێزەکەی بپارێزێت، گرنگترو کاریگەرتر دەبێت کاتێک کورد بە یەک دیسکۆڕس و ڕوانگەو ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەشداری ئەو ئاراستە دروستانە بکات و هێما بۆ ئایندەی سیاسی خۆی بکات لەو فەوزاو ئاریشە گەرمانەی عێراقدا.

 هەر ئەمساڵ کورد لە سێ وێسگەی چارەنوسسازدا ڕۆڵی بینیوەو بانگهێشت کراوە؛

یەکەم/ لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لەژێرناوی سیمای حکومەتەکانی داھاتوو لە ئیمارات - دوبەی، کەلەم ڕۆژانەی ڕابردوو کۆتایی هات، راسپاردەکانی کۆتایی ئەم لوتکەیەو دیدارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ فیگەرە دیارەکانی کەنداوو ئەوروپاو جیهاندا هەنگاوی جددین بۆ دەرخستە سەرەتاییەکانی ئەو سیماو مۆدێلە تازە پێشنیارکراوانەی حوکمڕانی کوردیی و خۆڕێکخستنەوەی کوردو ئامادەسازیی بۆ دۆخی دوای باهۆزەکانی ئێران و تورکیاو سوریا.

دووەم/ سەرەتای ئەمساڵ ١٦ بۆ ٢٠/٢/٢٠٢٣، بینیمان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی WEF داڤۆس، کورد دیسان وەک فیگەرێکی گرنگی نادەوڵەتی ئامادەبوو بۆ کۆمەڵێک پرس و دیالۆگی ستراتیژیی. کۆڕبەندی داڤۆس و دەرەنجامەکانی بەشوێن ئەو پرسیارەوە بوو بگەڕێ بۆ گوتارێکی ڕاقی و ئیدارەدانێکی باش لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی جەنگی ئۆکراین بۆ وزەی پاکی جێگرەوەی گازی سروشتی ڕوسیاو ئەو ترس و فۆبیایەی کە بەردەرگای ئەوروپیەکانی گرتوە بڕەوێتەوە کە سێکتەری ئابووری زۆر وڵاتی دوچاری داڕمان و هەڵوەشان کردۆتەوە، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان داڤۆس گرنگییەکەی لەوەدا بوو، نەوت و گازەکەی هێندەی تر جیۆپۆلەتیکی کوردستانی بەهادارتر کرد، بەرەو دەستخستنی بەرژەوەندیی باڵاو پەرەپێدانی ئابوریەکەی لە ڕێگەی فیگەرە گەورەکانی نەوت و کانزاکانی جیهانەوە، کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس کە بارەگاکەی لە ژنێفی سویسرایە، ساڵی ۱۹۷۱ لە لایەن پڕۆفیسۆرێکی ئابوری بەناوی "کلاوس شواب" دامەزراوەو خۆی سەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی کۆڕبەندەکەیە، کۆبونەوەی ساڵانەی داڤۆس پێنج رۆژ دەخایەنێت بە نزیکەیی ۲٥٠٠ کەس لە سەد وڵاتی جیهانەوە بەشداری تێدا دەکەن و ئەمساڵ کورد بەشێوەیەکی سەرەکی جێبایەخی وڵاتانی خاوەن وزەو نەوت بەشدار بوو.

سێهەم/ بەرواری ١٧ بۆ ٢٠/٢/٢٠٢٣ ئەمساڵ، هێزی گۆڕینی قەیران و تەنگژەکان بۆ دەستکەوتەکان لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن باشترین بژاردەو دەرفەت دەبێت دوای کۆتایی هاتنی کابوسی سەدساڵەی لۆزان و دابەشکاریەکانی نیشتیمانی کوردان و ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە، بۆیە پێگەی هەرێمی کوردستان و بەشداری کارای لەو سەکۆو ناوەندو کۆنگرانەو ڕۆڵی لە سیاسەتی هەناردەی گازی سروشتیی و هاوسەنگی سەربازی و ئەمنی و ڕەهەندی تازەی ئابوریی و گوتاری دیبلۆماسیی ڕەنگە بەهەند وەربگیرێت بۆ ئایندەی کورد لەم ناوچەیە وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی کاریگەر هاوشانیی دەوڵەتە بەهێزەکان.