کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سەرۆکی فەرەنسا کۆتاییهات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 - هەولێر:

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆتاییهات. 

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 15ی شوباتی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن دەستیپێکرد.

پێشتریش سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، دۆخی ئەمنی و ئابووری، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت.

کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و لە سەردەمی حوکمڕانی چەندین سەرۆکی فەرەنسا و تێپەڕبوونی قۆناغی جیاجیا ئەو پەیوەندییانە پەرەیان پێدراوە، لە شەڕی داعشدا فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بوو، بۆ تێکشکاندنی داعش.