بە تۆمەتی بەزۆر بەشوودانی کچەکەیان لە یەمەن؛ دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا باوک و کوڕێک دادگایی دەکات

K24 - هەولێر:

بە تۆمەتی رفاندنی کچێکی دانیشتووی نیویۆرک و بەزۆر بەشوودانی لە یەمەن، دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا باوک و برای کچەکە دادگای دەکات.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، خالد ئەبو غانم (50 ساڵ) و کوڕەکەی وەلید ئەبو غانم (32 ساڵ) کە باوک و برای قوربانییەکەن، بە تۆمەتی پیلانگێڕی تاوانکاری بۆ رفاندنی کەسێک لە وڵاتێکی بیانیدا تۆمەتبار کراون، تاوانێک کە سزاکەی دەگاتە زیندانی هەتاهەتاییە.

بەگوێرەی تۆمەتەکە، قوربانییەکە هاوڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمەریکییە و خوێندکاری زانکۆیە و ناسنامەکەی بە نهێنی هێڵراوەتەوە، سەرەتای مانگی ئەیلولی 2021 گەشتی بۆ گوادالاخارا لە مەکسیک کردووە، بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەزگیرانەکەی بکات، کە ماوەی نۆ ساڵە لەگەڵیدا پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە، بەبێ ئەوەی خێزانەکەی بە پەیوەندییەکە بزانن.

لە تۆمەتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەر کە ئەندامانی خێزانەکەی ئەو بابەتەیان زانیوە، چوونەتە مەکسیک و بە پێچەوانەی ویستی خۆی، کچەکەیان ناچار کردووە بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ئەو کچە کاتێك لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتە بۆ شاری بوفالۆ لە ویلایەتی نیویۆرک، ناچارکراوە واز لە زانکۆ بهێنێت و ئینتەرنێتی نەماوە، هەروەها رێگری لێکراوە پەیوەندی بە دەزگیرانەکەیەوە بکات و لە ماڵەکەیدا زیندانی کراوە.

بەپێی تۆمەتەکە، بە قوربانییەکە گوتراوە "ئەگەر پابەند نەبێت و رەزامەندی لەسەر ئەو هاوسەرگیریە نەکات کە بۆی رێکخراوە، ئەوا لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی دەکرێت و بۆ هەمیشە لە جیهانی دەرەوە دادەبڕێت و دەزگیرانەکەشی دەکوژرێت".

لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ناچار کراوە لەگەڵ خێزانەکەی بە فڕۆکە بەرەو میسر و لەوێشەوە بەرەو یەمەن گەشت بکات.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، لەکاتی ئەم گەشتەدا، قوربانییەکە چەند جارێک هەوڵی راکردنی داوە، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون.

کاتێک خێزانەکە گەیشتوونەتە یەمەن، چوونەتە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، لەوێ باوکی پێی وتووە کە لە بەرانبەر بە شوودانی ئەو، 500 هەزار دۆلار وەردەگرێت.

بەڵام لە کۆتاییشدا هاوەسەرگیرییەکەی ئەنجام نەدراوە و زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکە یەمەنیان جێهێشتووە و، کچەکەیان لە سەنعای پایتەختی یەمەن لەلای برایەکی بەجێهێشتووە.

لە بەڵگەنامەکانی دادگادا هاتووە، کە دەسەڵاتی دادوەری لەرێگەی رێکخراوێکی قازانج-نەویستەوە لە دۆسیەکە ئاگادارکراوەتەوە.